ھەناردە نەوتییەكانی عێراق بۆ ئەمەریكا زیاد دەكات

عێراق لە پلەی شەشەمی وڵاتانی جیھانەوە دێت كە نەوت ھەناردەی ئەمەریكا دەكەن

K24 - ھەولێر

ھەناردە نەوتییەكانی عێراق بۆ ئەمەریكا لە ماوەی مانگێكدا زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل تێدەپەڕێنێت.

ئیدارەی زانیارییەكانی وزەی ئەمەریكا لە راگەیەندراوێكیدا رایگەیاند، مانگی ئەیلوول ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریكا گەیشتووەتە 3 ملیۆن 17 ھەزار بەرمیل نەوت.

ئاماژە بەوەشدراوە، لە یەكەم ھەفتەی مانگی ئەیلوولدا عێراق ملیۆنێك و 617 ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردەی ئەمەریكا كردووە كە بە تێكڕا 231 ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەكات، ھەرچی ھەفتەی دووەمە ملیۆنێك و 99 ھەزار بەرمیلی ھەناردە كردووە كە بە تێكڕا 157 ھەزار بەرمیلە، بەڵام لە ھەفتەی سێیەمدا ھیچ بڕە نەوتێكی ھەناردە نەكردووە و سەبارەت بە ھەفتەی چوارەمیش بڕی 30 ھەزار بەرمیل بە تێكڕای 43 ھەزار بەرمیلی رۆژانەی ھەناردەكردووە.

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە، عێراق لە پلەی شەشەمی وڵاتانی جیھانەوە دێت كە نەوت ھەناردەی ئەمەریكا دەكەن و لە دوای ھەر یەك لە كەنەدا، مەكسیك، سعوودیە، ئێكوادۆر و كۆلۆمپیا ھاتووە، لەسەر ئاستی عەرەبیش لە پلەی دووەمدا ھاتووە لە دوای سعوودیە كە ھەناردەكانی بۆ ئەمەریكا لە ماوەی مانگی ئەیلوولدا گەیشتووەتە 7 ملیۆن و 518 ھەزار بەرمیل نەوت .

ھەرچی كەنەدایە لە پلەی یەكەمدا ھاتووە وەك گەورەترین ھەناردەكاری نەوت بۆ ئەمەریكا و ھەناردەكانی بۆ ئەو وڵاتە لە ھەمان ماوەدا گەیشتووەتە 87 ملیۆن و 465 ھەزار بەرمیل نەوت .

ھاوكات ئاماژەیدا، ھەناردەكانی عێراق لە مانگی ئەیلوولدا بەراورد بە ھەناردەكانی مانگی ئاب دابەزیوە كە ئەو كات 5 ملیۆن و  369 ھەزار بەرمیل بووە .

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمەریكا زۆرترین نەوت بەكاردەھێنێت لە جیھاندا و لە پلەی یەكەمدا دێت ، بەجۆرێك رۆژانە 19 ملیۆن و 400 ھەزار بەرمیل نەوت بەكاردێنێت كە 19.7%ـی قەبارەی بەكارھێنانی جیھان لە نەوت پێكدێنێت.