دۆخی تەندروستی ترەمپ بەرەو باش بووونە
K24 – ھەولێر:
تیمی تەندروستی سەرۆکی ئەمهریکا رایگەیاند: دۆخی تەندروستی ترەمپ بەرەو باش بوون دەڕوات و دەرزی رێمدیسڤیەری بۆ بەکارھێنراوە و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت سبەی دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی.
دکتۆر تۆماس گیراباڵدی پزیشکی نەخۆشخانەی جۆنز ھۆپکینز گوتی: دوێنێ ئێوارە بۆ دووەم جار سەرۆک ترەمپ رێمدیسڤیەری وەرگرتووە و چاودێریشمان کردووە دوای دەرزییەکان ھیچ لێکەوتەی خراپی لەسەر تەندرووستی ئەو نەبووە. جگەر و گورچیلەکانیشی ئاسایین و ھیچ کێشەیان نیە.
تۆماس گیراباڵدی گوتیشی: پلانمان داناوە تا پێنج رۆژ رێمدیسڤیەری بۆ بەکاربھێنین. بۆ یەکەم جاریشە دێکسامێتازۆنمان بۆ بەکارھێناوە و بەردەوام دەبین لەسەری.
دووپاییشكردەوە، "ئەمڕۆ تەندروستی زۆر باشبووە و دەگەڕا و خواردنی دەخوارد و زۆربەی کات لەسەر جێگاکەی نەبووە و جوڵەی کردووە. ئەگەر ھەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت و تەندرووستی باش بێت پلانمان ھەیە سبەی لە نەخۆشخانە دەریخەین و بگەڕێتەوە کۆشکی سپی و لەوێ کۆرسی چارەسەرییەکانی تەواو بکات".
لە لایەكی دیكەوە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند: دۆخی تەندروستی ترەمپ زۆر باشە و دەیەوێت بگەڕێتەوە کۆشکی سپی.
رۆبێرت ئۆبرایان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمهریکا گوتی: ئەم بەیانیە قسەم لەگەڵ مارک میدۆس، بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی کردووە و ھەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە دۆخی تەندرووستی سەرۆک ترەمپ زۆر باشە و دەیەوێت بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، بەڵام تا ماوەیەکی دیکەش ھەر لە نەخۆشخانەی وۆڵتەر رید دەمێنێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی ڤیدیۆیەکی تۆمارکراوە لە نەخۆشخانەی وۆڵتەر ریدەوە قسەی کردووە و گوتی: تەندرووستی باشە و لە نەخۆشخانەش لە کارکردن رانەوەستاوە و رۆژانە کارەکانی بەڕێوەدەبات.