لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان ھەنگاوێكی دیكە بۆ یەكڕیزی دەنێن

لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان كۆبوونەوەی سێیەمیان دەستپێكرد

K24 – ھەولێر:

بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریكا، لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان پرسەكانی سەربازی زۆرەملێ و گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژ و چەند پرسێكی دیكەیان تاوتوێكرد.

پەیامنێری كوردستان24 لە قامشلۆ راگەیاند، ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا "ئەنەكەسە" و پارتەكانی یەكێتی نیشتمانی كورد لە بارەگایەكی ھێزەكانی ئەمه‌ریكا لە دەوروبەری حەسەكە، بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریكا بۆ رۆژئاوای كوردستان و فەرماندەی گشتی ھەسەدە، كۆبوونەوەی سێیەمی دانووستانەكانی كورد - كورد درێژە پێدا.

بە گوێرەی زانیارییەكان، لە كۆبوونەوەی دوێنێ و ئەمڕۆیاندا، ھەردوولا پرسەكانی سەربازی زۆرەملێ و گرێبەستی كۆمەڵایەتی و خوێندن و چارەنووسی گیراوە سیاسییەكان و گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژیان تاوتوێكردووە.

پێشتر ھەردوولا لەسەر ھەڵوێستی سیاسی و مەرجەعی كورد گەیشتبوونە رێككەوتن.