سەبارەت بە ھاریكارییەكانی بۆ ئازەربایجان، ئیسرائیل ھەوڵ دەدات نیگەرانی ئەرمینیا بڕەوێنێتەوە

ریڤلین ئۆمێدی خواست بەم نزیكانە باڵیۆزی ئەرمینیا بگەڕێتەوە ئیسرائیل

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی ئیسرائیل، ریۆڤین ریڤلین جەختی بۆ ھاوتا ئەرمینییەكەی، ئارمین ساركیسیانی كردەوە، ھاریكاری وڵاتەكەی بۆ ئازەربایجان دژی ھیچ دەوڵەتێك نییە و ئومێدی خواست باڵیۆزی ئەرمینیا بەم نزیكانە بگەڕێتەوە تەلئەڤیڤ.

ریڤلین گوتی: ئیسرائیل پەیوندییەكی دوورودرێژی لەگەڵ ئازەربایجان ھەیە و ھاوكاری نێوان ئەو دوو وڵاتە دژ بە ھیچ لایەنێك نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل گرنگی بە بەھێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەرمینیا دەدات و ئامادەیە لە سەر ئاستی مرۆڤایەتی ھاریكاری ئەرمینیاش بكات.

ریڤیلن ئۆمێدی خواست بەم نزیكانە باڵیۆزی ئەرمینیا بگەڕێتەوە ئیسرائیل.

یەریڤان ھەفتەی رابردوو بڕیاریدا بانگھێشتی باڵیۆزەكەی لە ئیسرائیل بكات، بۆ ئەنجامدانی راوێژ لە گەڵیدا سەبارەت بەو ھەواڵانەی باس لەوە دەكەن، كه‌ ئیسرائیل چەكی بە ئازەربایجان داوە، لە كاتێكدا شەڕ لە نێوان ئەرمینیا و ئازرەبایجان لە ناوچەی قەرەباخ  لە ئارادایە.

سەرچاوە: جیرۆزالیم پۆست