رووسیا ھۆشداری لە "تەقینەوەی" پرسی كورد دەدات

"دەسەڵاتی ئەو ناوچە ئۆتۆنۆمییە ھاوشێوەی دەسەڵاتەكانی دەوڵەت دەبێت"

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی رووسیا. سێرگی لاڤرۆڤ ھۆشداریدا لە " تەقینەوەی" پرسی كورد بەھۆی ئەو رێوشوێنانەی ئەمەریكا لە سووریا گرتوویەتەبەر و جەختیكردەوە لەسەر پێویستی رێگەگرتن لە پێشلكردنی یەكێتی خاكی سووریا.

لاڤرۆڤ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دووشەممە گوتی: ئەمه‌ریكییەكان ھەولدەدەن ئۆتۆنۆمییەك بۆ كورد "لە باكووری سووریا" درووست بكەن، كە دەسەڵاتی ھاوشێوەی دەسەڵاتەكانی دەوڵەتی دەبێت". گوتیشی: "وەك دەزانی ئەوان ھەوڵ دەدەن توركەكان رازی بكەن، بۆ ئەوەی رێگری له‌و هه‌نگاوه‌یان نه‌كه‌ن".

بەدەوامی بە قسەكانیدا و گوتی: یاریكردن بە یەكێتی خاكی وڵاتێكی دیكە پێشێلكردنێكی ئاشكرای یاسای نێودەوڵەتییە. لەم حاڵەتەشدا ئەم بابەتە تەنھا پەیوەست نییە بە سووریاوە، بەڵكو لە سەر پرسی كورد یەكانگیرە و جێبەجێ دەبێت، كە لەوانەیه‌ زۆر بەھێز بتەقێتەوە و ئەو رەوشەی ئێستا بە بەراورد لەگەڵ ئەوسا زۆر كەمتر جددی دەبێت".

وەزیری دەرەوەی رووسیا روونیكردەوە، پرسی كورد پەیوەستە بەژمارەیەكی زۆر لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوڕاستدا و ھۆشداریدا: بانگەوازكردن بۆ جوداخوازی یاخود جێبەجێكردنی بەشێوەیەكی چالاك؛ لەوانەیە لێكەوتەی زۆر خراپ بەدوای خۆیدا بێنێت. دەبێت جارێكی دیكە ئاماژە بەوە بكەین، كە ئەوە ھەمووی دەوڵەتێك ئەنجامی دەدات، كە دەكەوێتە پشت ئۆقیانووسەوە، بەڵام لێكەوتەكانی دەوڵەتانی ناوچەكە و ئەوروپا مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن، ھەروەھا ئێمەش نزیكین لەو خاكە".

پێگەی كەناڵی "روسیا الیوم"، كە گوتەكانی لاڤرۆڤی گواستووەتەوە دەڵێت: ھێزە سیاسییەكانی كوردی لە ھەوڵی دروستكردنی ئۆتۆنۆمییەكن لە رۆژھەڵاتی باكووری رۆژھەڵاتی سووریا و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) كوردی، كە لە لایەن ئەمەریكاوە پشتیوانی دەكرێن، كۆنترۆڵی زەوییەكی بەرفراوانیان كردووە، و دەسەڵاتدارانی سووریا ئەم خواستەی كورد بە توندی رەتدەكەنەوە و توركیاش بەھەمان شێوە.

رووسیا چەند جار دووپاتیكردووەتەوە، پشتیوانی دانوستانی ھێزە كوردییه‌كان و دەسەڵاتدارانی سووریا دەكات لە بارەی ئایندەی سووریا و، جەختیكردووەتەوە لە سەرئەوەی كوردانی رۆژئاوا بەشێكی دانەبڕاون لە گەلی ئەو وڵاتە.