کچانی ئێزدیی رزگاربوو داوای قەرەبووکردنەوە لە بەغدا دەکەن
K24 - هەولێر
کچانی ئێزیدیی رزگاربووی دەستی داعش پەیامێکیان ھەڵگرتووە بۆ ئەوەی ئازار و نەھامەتییەکانیان بگەیەننە حکومەتی عێراق، لەپێناو ئاسايیکردنەوەی ناوچەکانیان و قەرەبووکردنەوەیان.
لەو چوارچێوەشدا ژمارەیەک کچ و ژنی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش، سەردانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیان کرد و، داوادهكهن ئازار و نەھامەتییەکانیان بگەیەنێتە پەرلەمانی عێراق، کە ماوەی شهش ساڵە ئامادە نین گوێیان لێ بگرن.
ئەدیبە، یەکێکە لەو ژنە ئێزدییانە، هيشتا بە ئازاری لەدەستدانی هاوسەر و 17 کەس لە خانەوادەکەی دەژی، کە چەند ساڵە سەرجەمیان بێسەروشوێن بوون.
ئەدیبە محۆ، رزگاربووی دەستی داعش دەڵێ "ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ پەرلەمانی عێراق قسەبکەین و ئازار و دەردەسەرییەکانی خۆمانیان نیشان بدەین... ئەوە شەش ساڵە ئێمە لەو حاڵەدا دەژین و هیچ گۆڕانێکمان نەبینی".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەڵێنی پێدان داواکارییەکانیان بگەیەنێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بۆ پێداچوونەوە بە یاسای پاراستنی ئێزديیەکان و قەرەبووکردنەوەیان، لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمانی عێراق میواندارییان بکات بۆ گەیاندنی پەیامەکەیان.
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق گەيشتوونەتە رێککەوتنێکی ھاوبەش بۆ ئاسايیکردنەوەی بارودۆخی شنگال و ناوچەکانی دیکە.
هـ.ر.