چیای مەتین بۆ 37ـەمین جار لەلایەن تورکیاوە بۆردوومان کرا
K24 - دهۆک
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئەمڕۆ بۆ 37ـەمین جار لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو، چیای مەتینیان بەهۆی بوونی پەکەکە لە سنوری دەڤەری ئامێدی بۆردوومان کرد.
ئەو جێگەی بەردەوام بۆردوومان دەکرێت؛ دەکەوێتە نزیک هەردوو گوندی گوهەرزی و بەلاڤە لە دەڤەری نهێلی. بەهۆی زۆری و چڕیی بۆردوومانەکانیش، ناوچەکە بووەتە شوێنێکی مەترسیدار بۆ دانیشتووانی ئەو گوندانە.
فائیق خالد، هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی بەلاڤەیە و بە کوردستان24ـی گوت "ئەو بۆروودمانانە بوونەتە جێگەی مەترسی و زیانیان بە خانووەکانمان گەیاندووە، کار گەیشتووەتە ئەوەی لە ترسی بۆردوومانی فڕۆکەکان، ئێستا ئێمە ناتوانین لە دەوروبەری گوندەکانمان دوورکەوینەوە".
ئەو هاووڵاتییە هەروەها دەڵێ "ئێستا وەرزی کۆکردنەوەی بەرهەمی نێو شاخەکانە و ئەگەر ئەو بۆردوومانانە نەبووان، دانیشتووانی ئەو گوندانە هەریەکەمان دەمانتوانی بای 4 ملیۆن دینار سوودمەندبین بە کۆکردنەوەی بەرهەمی مازوو، قەزوان و باوی".
بەگشتی بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا، 32 کەسی سڤیل لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەو دەڤەرە شەهیدبوون، چوار کەسی دیکەش بریندابوون.
بەگوتەی فائیق خالید، بەو سێ بۆردوومانەی ئەمڕۆ، ژمارەی بۆردوومانەکانی چیاکە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو، گەیشتووەتە 37 جار بۆردوومانکردن، کە تورکیا بەهۆی بوونی پەکەکە، بۆردوومانی دەکات.
ئەمڕۆ بۆ سێیەمین جار چیای مەتین لەلایەن فڕۆکەکانی #تورکیا بۆردوومان کرا pic.twitter.com/NtirA5NZi1
— Kurdistan24 Kurdish (@kurdistan24tv) October 6, 2020
هـ.ر.