کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار دواخرا

بڕیاربوو کۆبوونەوەکە كاتژمێر 11ـی پێشنیوه‌ڕۆ به‌ڕێوه‌بچێت

K24 - هەولێر

ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان له ‌ئاگادارییه‌كدا بڕیاری دواخستنی دانیشتنی ژماره‌ (9)ـى ئاساییی خولی پاییزه‌ى بۆ كاتێكی تر راگه‌یاند.

دواخستنی دانیشتنەکەی سبەی پەرلەمان لەکاتێکدایە، دوێنێ (دووشەممە، 5-10-2020) پەرلەمانی کوردستان لەسەر داواکاریی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خستنەڕووی کار و پرۆژەکانی تائێستای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوە 10 کاتژمێرییەکەی دوێنێ، سەرۆکی حکومەت راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەبارەی سەرجەم کار و پرۆژەکان و هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم خستەڕوو و، وەڵامی 450 پرسیاری 98 پەرلەمانتاری دایەوە.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتیی پەرلەمانى كوردستاندا هاتووە "دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانى كوردستان بڕیاریدا به ‌دواخستنی دانیشتنی ژماره‌ (9)ی ئاسایی خولی پاییزه‌ی ساڵی دووه‌م له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بۆ كاتێكی تر كه ‌بڕیاربوو كاتژمێر (11)ـی پێشنیوه‌ڕۆى رۆژی چوارشه‌ممه‌‌ رێكه‌وتى 2020/10/7 به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڕێزان ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ئاگاداریتان، له‌گه‌ڵ رێزدا".