دیندار زێباری: گەلی کورد گەورەترین قوربانی شوێنبزرکردنی زۆرەملێ بووە

کۆبوونەوەکانی خولی (19)ی لیژنەی تایبەت بە رێككه‌وتننامه‌ی پاراستنی هەموو کەسەکان له بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوون

K24 – هه‌ولێر:

لەمیانەی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەکانی خولی (19)ی لیژنەی تایبەت بە رێككه‌وتننامه‌ی پاراستنی هەموو کەسەکان له بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دیندار زێباری، رایگه‌یاند، گەلی کورد گەورەترین قوربانی شوێنبزرکردنی زۆرەملێ بووە.

لە چوارچێوەی شاندی کۆماری عێراق، شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداریی کرد لە كۆبوونه‌وەکانی خولی (19) لیژنەی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە رێككه‌وتننامه‌ی پاراستنی هەموو کەسەکان له‌ بێسەروشوێنکردنی زۆره‌ملێ كە لە بارەگای یۆنامی لە بەغدا لە رۆژی (5ی تشرینی یەکەم/ ئۆكتۆبه‌ری 2020) بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوەچوو.

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی هەرێم سەبارەت بە بەشداری کردنیان لەم کۆبوونەوانە وتی: بڕيار وابوو كۆبوونەوەكە لە سەرەتای مانگی نیسان لە جنێڤ ئەنجامدرابا، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دواخران بۆ سەرەتای مانگی ئوکتۆبەر و شوێنەكەشی گواسترایەوە بۆ بەغدا، لە میانەی کۆبوونەوەکان وتاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجیا پێشکەشکرا و ئەوەمان دووپاتکردووە، کە كوردستان به‌ گشت پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانییه‌وه‌ گه‌وره‌ترین قوربانی بێسه‌روشوێن كردنی زۆره‌ملێ بووە، ئه‌مه‌ش خۆی بێسه‌روشوێنكردنی كورده‌ فه‌یلییه‌كان له‌ نێوان ساڵانی (1980 - 1990)و ئه‌نفال كردنی هه‌شت هه‌زار بارزانی و (182)هه‌زار كەس لە بادینان و گه‌رمیان، هەروەها لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە به‌ هه‌زاران هاووڵاتی كوردی ئێزیدی و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بێسه‌روشوێنكران، کە تا ئێستاش چارەنووسی زۆریان دیار نییە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم هەروەها وتی: لە بەشێکی دیکەی وتارەکە تیشکمان خستە سەر هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری یارمەتیدانی قوربانیانی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ لە سەردەمی بەعس وەک تەرخان کردنی موچە بۆ کەسوکاریان، پێدانی زەوی، سوودمەندبوون لە منحەی خوێندن و چەند بوارێکی دیکە، سەبارەت بە بێسەروشوێنبووانی داعش لیژنەیەك دامەزراوە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەت تەرخان كراوە بۆ رزگارکردنیان و تا رۆژی (2ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2020) توانراوە (3537) کەسیان ئازاد بکرێن لەوانە (1201) ئافرەت (339) پیاو و (1043) منداڵی کچ و (954) منداڵی کوڕ و تا ئێستا (2880) یان بێسەروشوێنن و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمیش بەردەوامن بۆ ئازادکردنیان.

دیندار زێباری ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لیژنەیەک دامەزراوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش، هەروەها دەستەیەک دانراوە بەناوی (لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری و چارەسەرکردن) بەمەبەستی بە دیکیۆمينت کردنی تاوانەکانی داعش و لەم رووە هەنگاوی زۆر نراوە بۆ تۆمار کردنی ئەو تاوانانە بەتایبەتی ئەوانەی دژی ئافرەتان ئەنجامدراون، هەرلەم چوارچێوەیەدا زیاتر لە (1000) ئافرەت نێردراون بۆ ئەڵمانیان بە مەبەستی چارەسەرکردن.

سەبارەت بە رفاندنی کریستیانەکان زێباری وتی: لە دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش نزیكەی (200) دوو سەد هەزار کریستیان ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، هەروەها ژمارەیەكی زۆریشیان رفێندراون لەوانە  (250) كەس كەیسەكانیان لە (3ی نیسان/ ئه‌پریڵی 2017) تاكو رێكەوتی (18ی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2017) دیكیۆمینت كراوە کە (82)یان ئافرەت و (168) پیاو بوون. لەوانە (174)یان رزگار كراون، بەڵام تا ئێستا (76) یان رزگار نەكراون، لەوانەی كە رزگار نەكراون ژمارەیەكیان ئافرەتن.

لە ساڵی (2014)ەوە لە هەر کەمپێک یەکەیەکی تەندروستی دانراوە بۆ تەندروستی دایکایەتی و منداڵبوون، نووسینگەی نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی و زیاتر لە (123257) پشکنین بۆ ئافرەتی دووگیان پشکنینی جۆراوجۆریان بۆ کراوە، لەگەڵ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ منداڵانی تازە لە دایکبوو و لەکەمپی حەسەن شام خانەیەکی تایبەت بۆ منداڵانی بێ دایک و باوک دامەزراوە بۆ چاودێری کردنی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی شەڕ دایک و باوکیان لە دەستداوە و چەندین هەڵمەتی کوتانی دایکان و منداڵان ئەنجامدراوە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر مامەڵە کردن لەگەڵ ئافرەت و نەوجەوانانی دەستگیرکراو بە تۆمەتی تیرۆر و وتی: ئەو ئافرەت و نەوجەوانانەی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر دەکرێن، رەوانەی چاکسازییەکان دەکرێن و لە بنکەکانی دەستگیرکردن ناهێڵرێنەوە، لە ماوەی نێوان (1ی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2017)تاکو (14ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2018) ئەوانەی کە دەستگیر کراون ژمارەیان (194) كەس بووە کە تەمەنیان لە (18) ساڵ کەمترە، سەبارەت بە ئافرەتانیش لە نێوان ساڵانی (2014) و (2018) زیاتر لە (260)یان دەستگیرکراون، دوای وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی (41)یان ئازاد کراون، بەڵام لە ساڵی (2020) لە چاکسازییەکانی هەرێم (29) نەوجەوان و (23) ئافرەت بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کراون، لەبەر ئەوەی داعش بەشێک لەو منداڵانەی بۆ کردەوە خۆکوژییەکان بەکارهێنا بۆیە وەک قوربانیانی تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ نەک تیرۆریست، و هەموو مافێکیان هەیە وەک سەردانی کەسوکاریان و بەکارهێنانی مۆبایل، هەروەها بەرنامەیەکیش دانراوە بۆ بەردەوام بوونیان لە خوێندن.

لە وتەکەیدا دیندار زێباری ئاماژەی بە زیندانی نهێنی لە هەرێم و رادەستکردنەوەی دەستگیرکراوان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی و وتی: لە هەرێمی کوردستان سێ جۆر زیندانی هەیە ئەوانیش: بنکەکانی راگرتن و گواستنەوە، چاکسازی گەوران و چاکسازی ئافرەتان و نەوجەوانان و هیچ  زیندانییەکی نهێنی لە هەرێم بوونیان نییە، هەروەها دەرگای زیندانەکان کراوەیە بۆ ئەو لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییانەی کە دەیانەوێ سەردانی بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی راگیراو و سزادراون بن بەپێی رێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەم رووەوە چەندین رێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تایبەت بە پرسی مافەکانی مرۆڤ سەردانی زیندانەکانیان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە لیژنەیەکی تایبەت لە سەرۆکایەتی دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی هەرێم پێکهاتووە بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە رادەستکردنەوەی دەستگیرکراوان و لەم رووەوە تا ساڵی (2019)زیاتر لە (1400) دەستگیرکراوی ناوچەکانی موسڵ، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالا و حەویجە، هەروەها لە ساڵی (2020)یش ژمارەیەکیان رادەستکراون. 

سەبارەت بە ژمارەی دەستگیرکراوان رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: لە نێوان ساڵانی (2014)و (2018) زیاتر لە (2652) کەس دەستگیرکران، لەوانە (1100) کەسیان تۆمەتی تیرۆریان بەسەردا ساغ بۆوە و سزاکانیشیان لە نێوان زیندانی کردن بۆ ماوەی سێ سال و تاهەتایە بوو، هەروەها (870) کەس ئازاد کران، لە شەش مانگی کۆتایی (2017)نزیکەی (790) کەس دەستگیر کران کە بەشێکیان خۆیان رادەستکردەوە لەوانە (279) ئازاد کران لەبەر نەبوونی بەڵگە و (27)یان سزای جیاجیان بۆ دەرچووە.

لە ساڵی (2020) ژمارەی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تیرۆر لە دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمن (461) کەس بووە (335) عێراقی و (18) بیانی، (398) لەوانە دادگایی کراون سزایان بۆ دەرچووە  و (48) گومان لێکراویش ئازاد کراون لەبەر نەبوونی بەڵگە.

لە کۆتایی وتەکەیدا دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خست سەر بابەتی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و یاسا بەرکارەکان لەم رووەوە و وتی: لە هەرێمی کوردستان دوو جۆر گۆڕی بە کۆمەڵ هەیە بەشێکیان بۆ سەردەمی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە و لەوانە روفاتی (2672) کەسیان لە کۆی (300) گۆڕی بە کۆمەڵ گەڕێندراونەتەوە هەرێم، بەشی دووەم ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعشن کە تا ئێستا (83) گۆڕیان دۆزراونەتەوە و پرۆسەی هەڵدانەوەی بە ئامادەبوونی لیژنەی هەماهەنگیکاری سەر بە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و تیمی نەتەوەیەکگرتووەکانی تایبەت بە لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش یونیتاد ئەنجام دەدرێت.