د. ئامانج رەحیم: هه‌رێمی كوردستان له‌ قه‌رزه‌كانی عێراق سوودمه‌ند نه‌بووه‌ به‌ڵام له‌ دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ پابه‌ندكراوه‌

"حکومەتی هەرێم ناتوانێت هاوشێوەی عێراق قەرزی سیادی بکات"

K24- هەولێر:

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر پابەندی دارایی هەیە نەک قەرز، چونکە ناتوانێت هاوشێوەی بەغدا بە زیادکردنێکی کەم قەرز بکات.

راشیگەیاند، هەرێم پابەندکراوە بە دانەوەی قەرزەکانی عێراق و لە کاتێکدا سوودمەند نەبووە لە قەرزەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان 28 ملیار دۆلار قەرزدارە کە بەشێکی مووچەی هاووڵاتیانە.

روونیشکردەوە، لە رابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی باشی لەگەڵ حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی کرد، بەڵام بەهۆی هەڵوەشانەوەی حکومەتەکە، ئەنجامی نەبوو، لە ئێستا حکومەت دەیەوێت رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ بەغدا بکات.

لەبارەی پرسی نەوتیش، رایگەیاند، بۆری نەوتی عێراق موڵکی دەوڵەتە و لێرە کەرتی تایبەت وەبەرهێنان لە نەوت دەکات ئەمەش خەرجی نەوتی لەسەر هەرێم زیاد کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بۆ گرێبەستەکانی نەوت دەکات و دەیەوێت کەرتی نەوت بە نیشتمانی بکات.