وەزیری دارایی ھەنگاوەكانی وەزارەت لەبواری جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەخاتەڕوو

لیستی مووچە لە مووچەی نایاسایی و لە دوو مووچەیی پاكده‌كرێته‌وه‌
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

وەزیری دارایی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ئاوات شێخ جه‌ناب لە دانیشتنی پەرلەماندا باسی لە جدییەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستانی كرد سەبارەت بە بابەتی چاكسازی و گوتی: بەشێكی زۆری جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی چاكسازی پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە، بۆیە من ئەو ھەنگاوانە باس دەكەم، كە وەزارەتی دارایی لە ژێر چاودێری ئەنجوومەنی وەزیران گرتوویەتەبەر.

راشیگەیاند، لە 16/1 ئەم ساڵ ره‌زامەندی پەرلەمانی وەرگرت و دەنگی پێدرا. لە 4/2 سەرۆكایەتی ھەرێم واژووی كردووە. لە 7/2 لە ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەوەكەی ئامادە بوو و ناردوومانە بۆ رۆژنامەی وەقائع و بڵاوكراوەتەوە. لە 1/7 كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.

دواتر بەخێرایی ئەو ھەنگاوانەی باسكرد كە وەزارەتی دارایی گرتوویەتەبەر بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و گوتی: لە بواری خانەنشینی بەپێی یاساكە لە بەشی حەوتەم لە ماددەی 7 لە بڕگەكانی 2،7،8،9،10 یاسای چاكسازی ھاتووە،

  • ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشین گشتاندن كراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشین بۆ پێداچوونەوە بە خانەنشینی نایاسایی و جیاكردنەوەی دۆسییەكانیان.
  • رەوانەكردنی لیستی ناوی خانەنشینە نایاساییەكان، كە ژمارەیان 461 كەسە بە مەبەستی راگرتنی مووچەكانیان بە لیست ناوەكانیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە.
  • كاركردن لە سەر دۆسییەی خانەنشینانی پلە شارەزا و داوا لە لیژنە كراوە بۆ چۆنیەتی ھەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی پلە باڵاكان، ژمارە 36 ساڵی 2004.
  • پاڵپشت بە ماددەكانی سەرەوە لە یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەكانی دیكە، وەزارەتی دارایی و ئابووری رێنمایی ژمارە 13 تایبەت بە خانەنشینان لە 29/7 دەركردووە. واتە پێش جێبەجێكردنی ئەو یاسایە ئەو رێنماییانە ئامادەبوون.
  • كردنەوه‌ی سندووقی خانەنشینی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 69 لە 15/7 پاڵپشت بە یاسای چاكسازی لە مادەی یەكەم لە بڕگەی 1، 2 ،3 ،4 وەزارەتی دارایی ھەڵساوە بە دامەزراندنی سندووقی خانەنشین لەگەڵ پەیكەری ئیداری پەسندكراو بۆ سندووقی خانەنشین لە چواچێوەی كارەكانی كابینەی نۆیەم.
  • ئەنجامدانی چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی پێشمەرگە و ھەردوو یەكەی 70 و 80 بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 8 لە یاسای چاكسازی ژمارە 2 ساڵی 2020 بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینینی پێشمەرگە.
  • بەردەوامبوونی كاركردن لە سەر سیستەمی خانەنشینی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و كۆمپانیای پەیوەندیدار، كە نزیكەی %90 تەواو بووە.
  • لە بەشی حەوتەم، ماددەی 7 بڕگەی 9 لە یاسای چاكسازیدا ھاتووە، پێداچوونەوە بە ھەموو دۆسییەكانی خانەنشینەكانی دادوەران بكرێت و ئێستا ھەموو دۆسییەكان ھاتوونەتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری و خەریكی لێكۆڵینەوە و ئامادەكردنیانین بۆ بڕیاردان لە سەری.
  • لەبواری بانكە بازرگانییەكان لە بەشی ھەشتەم مادەی 16، بڕگەی یەكەم تایبەت بە كردنەوەی ھه‌ژماری بانكی بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان. وەزاره‌تی دارایی و ئابووری گشتاندنی دەركردووە لە 17/6 بە مەبەستی جێبەجێكردنی ئەو بڕگەیە و رێكارە پێویست گیراوەتەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەم بابەتە.
  • ماددەی سییانزه‌یەم بڕگەی 3ی تایبەت بەوەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان، ئەم بڕگەیە لە 13/5 چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش ئەم رێكارانە گیراونەتەبەر:
  • بە نووسراوی فەرمی گشت سەوداكاران ئاگاداركراونەتەوە كە لە ماوەی 10 بە مەبەستی گەڕاندنەوەی قەرزەكان لە رێكەوتی دەرچوونی گشتاندنەكە.
  • نووسراوی فەرمی كرا بۆ بەڕێوەبەرایەتی خانووبەرە بە مەبەستی دڵنیابوون لە رەھنەكان و نوێكردنەوەی سەنەدی تاپۆ.
  • نووسراوی فەرمی كرا بۆ بەڕێوه‌بەرایەتی تاپۆ و دادی ھەولێر و سلێمانی و دھۆك بەمەبەستی فرۆشتنی موڵكی رەھنكراوی قەرزدارەكان.
  • تا ئێستا لەو پارانەی وەرگیراونەتەوە نزیكەی دوو ملیار دینار وەرگیراوەتەوە.

جگە لەمانە كۆمەڵێك رێنمای و گشتاندن كروان سەبارەت بەو بڕگە و ماددانەی لە یاسای چاكسازی ھاتوون.

  • گشتاندنی دارایی ژمارە 10 لە 29/6 تایبەت بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازەكانی خانەنشینی.
  • رێنمایی ژمارە 12 لە 29/6 تایبەت بە خزمەت و پلەی وەزیفی بە مەبەستی پێداچوونەوە و رێكخستنی پلە و ناونیشانی سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان.
  • رێنمایی ژمارە 13 لە 29/6 تایبەت بە خانەنشینی بە مەبەستی پێداچوونەوەی و رێكخستنی پلە و ناوونیشان و مووچەی سەرجەم خانەنشینەكانی ھەرێمی كوردستان.
  • بەشی پێنجەم لە مادەی چاكسازی تایبەت بە دەرماڵەكانی وەزارەتی دارایی راپۆرتی تایبەتی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، كە تیادا دەرماڵە ناجێگیرەكان بەشی زۆریان بەیاسایی كراون لە پەرلەمانی كوردستان. لە ئەنجوومەنی وەزیرانە ئامادەیە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت.
  • دەستكردن بەجێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی بایۆمەتری، وەك ئاگادارن قۆناغی یەكەمی تەوابووە، بەمەبەستی پاككردنەوەی لیستی مووچە لە مووچەی نایاسایی و لە دوو مووچەیی، ئەمەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران كراوە.
  • ئامادەكردنی راپۆرتی وەزارەتی دارایی سەبارەت بەگرێبەستەكانی كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری و ئەمەش ئامادەیە بۆ بڕیاردان لە سەری.
  • وەزارەتی دارای بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی شەھیدان لەیاسای چاكسازی بەشی دووەم لە ماددەی دووەم بڕگەكانی پێنجەم كاری سەرەتایی كراوە لە لایەن ئەندامانی دەرچوونی رێنماییەكان و ھەردوو وەزارەت رێنمایی ژمارە 20 لە 28/9 دەركراوە سەبارە بە خزمەتگوزاری خوێندن و تەندروستی كەسووكاری شەھیدان، ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی. ھەروەھا وەزارەتی دارایی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە ھەماھەنگی بەردەوامە بۆ جێبەجێكردنی یاساكە و دەرخستنی رێنمایی پێویست لەو بەشانە پەیوەستن بەو دوو وەزارەتەوە.

سەبارەت بە بودجەی ساڵی 2020، ئاوات شێخ جەناب گوتی: ئێمە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020مان ئامادەكراوە، بەڵام بەداخەوە رێككەوتنی ئێمە لەگەڵ عێراق جێبەجێنەكرا، چونكە عادل عەبدولمەھدی رەوانەی پەرلەمانی نەكرد. بۆیە كە ئەو نەما گەڕاینەوە سەر (بەیانی مالی) لە سەر 2019. بەیانی مالیشمان ئامادەیە.