چاودێرانی سیاسی: ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌ یه‌ك تیم كارده‌كات

چاودێرانی سیاسی: پەرلەمانتاران بە ئازادی پرسیاریان له‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت كرد
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسی رایدەگەیەنن، مەسرور بارزانی دەریخست، کە ئەنجوومەنی وەزیران بەیەک تیم کاردەکەن و دەشڵێن: پەرلەمانتاران بە ئازادی پرسیاریان کردووه‌ و سەرۆکی حکوومەتيش بە شەفافی وەڵامی تەواوی پرسیارەکانی پەرلەمانتارانی دایەوە.

لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی پوخت و گرنگی پیشکەشکرد، کە توانی لە ماوەی نزیکەی  10 کاتژمێردا وەڵامی پرسیار و سەرنج و تیبینی ٩٨ پەرلەمانتار بداتەوە، کە بە درێژترین گفتوگۆ لە نێوان حکومەت و پەرلەمان وەسفدەکرێت. لە مێژووی پەرلەمانی کوردستاندا ئەمە یەکەمین جارە گفتوگۆیەكی لەم  جۆرە رووبدات.

ناسیح غەفور، ئەندامی خولی پێشوتری پەرلەمان لەو بڕوایه‌دایە سەرۆکی حکومەت جدییە لە جێبەجێکردنی کارنامەکەی بەتایبەت بابەتی چاکسازی. شاندەکەی حکومەت لە ماوەی 10 كاتژمێردا بە بە شەفافی و بە بەڵگەوە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان دایەوە، کە ئەمە بەلای فراکسیۆنەکان ھەنگاوێکی باش بوو بۆ  پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان حکومەت و پەرلەمان.

سەباح سوبحی، مامۆستای زانکۆ گوتی: ئەم کۆبونەوەیەی حکومەت و پەرلەمان جگە لە خستنەڕووی ھەنگاوەکانی حکومەت بۆ چاکسازی بە شەفافی، دەریخست کابینەی نۆیەم بە یەک تیم کاردەکەن.

لەو گفتوگۆیدا 98 پەرلەمانتار زیاتر لە 450 پرسیاریان ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کرد. سەرۆکی حکومەتیش بە روونی و شەفافی  لەسەر ئەو بابەتانە زانیاری دایە پەرلەمانتاران و بە ئازادانەش پەرلەمانتاران پرسیاریان ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کرد. مامۆستایان و پسپۆڕانی سیاسی دەڵێن: پەیامەکانی سەرۆکی حکومەت شەفاف بوون و پەرلەمانتارانیش ئازادبوون لە خستنەڕووی پرسیار و بۆچوونەکانیان.