قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق کرد

جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كرایه‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دەیڤد کۆپلی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و شاندێكی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا بە بەشداری ڕۆب واڵەر، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، گفتوگۆ لەسەر ژماره‌یه‌ك پرس و بابه‌تی هه‌نوكه‌یی كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر دۆخی عێراق و ناوچەكە به‌ گشتی و جه‌خت له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا كرا.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق، ئامادەیی به‌ره‌وپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشاندا، بە تایبەتی لە بوارەكانی بازرگانی و وەبەرهێنان.

له‌به‌رامبه‌ریشدا قوباد تاڵەبانی ستایشی هاوكارییە ئەمنییەكانی ئەمەریكای بۆ عێراق و هەرێمی كورستان كرد، بەرنامەی چاكسازی حكومەتی هەرێمیشی بۆ شاندی میوان ڕوونكردەوە، هەروەها تیشكی خستە سەر دوا پێشهاتی گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.

جێگری سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی له‌رێگه‌ی رێكەوتنێكی گشتگیر و ستراتیژی لەسەر بنەمای بڕگە و مادەكانی دەستوور كرده‌وه‌.

H.B