بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وەڵامی لاڤرۆڤ دەداتەوە

"لێدوانەکەی لاڤرۆڤ تورکیا و ئێران بۆ دژایەتیکردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هاندەدات"

K24 – ھەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وەزیری دەرەوەی رووسیای تۆمەتبار كرد بە هاندانی تورکیا و ئێران لەسەر دژایەتیکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان.

لەبارەی لێدوانێکی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا لەسەر پرسی کوردانی سووریا، بەدران چیا کورد، جێگری هاوسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر داوای لە رووسیا کرد رۆڵی کەمکردنەوەی ململانێکان بگڕێت و هەڕەشەکانی تورکیاش لەسەر ناوچەکانیان کەمبکاتەوە.

گوتیشی: لێدوانەکانی لاڤرۆڤ خزمەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا ناکات و هاوکاریش دەبێت بۆ هاندانی زیاتری تورکیا و ئێران لە دژایەتیکردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر.

بەدران چیا داواشی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە تایبەتیش ئەمریکا کرد، هەڵوێستێکی روونتریان لەبارەی ئایندەی رۆژئاوای کوردستان هەبێت.

پێشتر وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ ھۆشداریدا لە " تەقینەوەی" پرسی كورد بەھۆی ئەو رێوشوێنانەی ئەمەریكا لە سووریا گرتوویەتەبەر و جەختیكردەوە لەسەر پێویستی رێگەگرتن لە پێشلكردنی یەكێتی خاكی سووریا.

لاڤرۆڤ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوێنێ دووشەممە گوتی: ئەمه‌ریكییەكان ھەوڵدەدەن ئۆتۆنۆمییەك بۆ كورد "لە باكووری سووریا" درووست بكەن، كە دەسەڵاتی ھاوشێوەی دەسەڵاتەكانی دەوڵەتی دەبێت".

گوتیشی: "وەك دەزانی ئەوان ھەوڵدەدەن توركەكان رازی بكەن، بۆ ئەوەی رێگری له‌و هه‌نگاوه‌یان نه‌كه‌ن".

بەردەوامی بە قسەكانیدا و گوتی: "یاریكردن بە یەكێتی خاكی وڵاتێكی دیكە پێشێلكردنێكی ئاشكرای یاسای نێودەوڵەتییە. لەم حاڵەتەشدا ئەم بابەتە تەنھا پەیوەست نییە بە سووریاوە، بەڵكو لە سەر پرسی كورد یەكانگیرە و جێبەجێ دەبێت، كە لەوانەیه‌ زۆر بەھێز بتەقێتەوە و ئەو رەوشەی ئێستا بە بەراورد لەگەڵ ئەوسا زۆر كەمتر جددی دەبێت".

وەزیری دەرەوەی رووسیا روونیكردەوە، پرسی كورد پەیوەستە بەژمارەیەكی زۆر لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاست و ھۆشداریدا: بانگەوازكردن بۆ جوداخوازی یاخود جێبەجێكردنی بەشێوەیەكی چالاك؛ لەوانەیە لێكەوتەی زۆر خراپ بەدوای خۆیدا بێنێت. دەبێت جارێكی دیكە ئاماژە بەوە بكەین، كە ئەوە ھەمووی دەوڵەتێك ئەنجامی دەدات، كە دەكەوێتە پشت ئۆقیانووسەوە، بەڵام لێكەوتەكانی دەوڵەتانی ناوچەكە و ئەوروپا مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن، ھەروەھا ئێمەش نزیكین لەو خاكە".

پێگەی كەناڵی "روسیا الیوم"، كە گوتەكانی لاڤرۆڤی گواستبووەیەوە، بڵاویكرده‌وه‌، ھێزە سیاسییەكانی كوردی لە ھەوڵی درووستكردنی ئۆتۆنۆمییەكن لە رۆژھەڵاتی باكووری رۆژھەڵاتی سووریا و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) كوردی، كە لە لایەن ئەمەریكاوە پشتیوانی دەكرێن، كۆنترۆڵی زەوییەكی بەرفراوانیان كردووە، و دەسەڵاتدارانی سووریا ئەم خواستەی كورد بە توندی رەتدەكەنەوە و توركیاش بەھەمان شێوە.

رووسیا چەندجار دووپاتیكردووەتەوە، پشتیوانی دانووستانی ھێزە كوردییه‌كان و دەسەڵاتدارانی سووریا دەكات لە بارەی ئایندەی سووریا، جەختیكردووەتەوە لە سەرئەوەی كوردانی رۆژئاوا بەشێكی دانەبڕاون لە گەلی ئەو وڵاتە.

پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاندبوو، ئەمریکا کار بۆ درووستکردنی قەوارەیەک بۆ کوردانی باکووری سووریا دەکات و گوتیشی: بە درووستکردنی قەوارەکە کێشەکانی ناوچەکە دەتەقنەوە.