زێدان برادۆستیی: ئۆپۆزیسیۆن له ئامادهبوونی سهرۆكی حكومهت و وهڵامهكانی تاساون
لایەنەكانی ئۆپزیسیۆن تاساون
K24 – ھەولێر:
زێدان برادۆستی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە دانیشتنەكەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت ژمارەیەك لە وەزیران رایگەیاند، پێش ئەو كۆبوونەوە خەڵك لێكدانەوەیەكی جیاوازی ھەبوو، بەرامبەر بە خودی سەرۆكی حكومەت و كابینەی نۆیەمی حكومەت، بەڵام دوای كۆبوونەوەكە لێكدانەوەیەكی دیكەی ھەبوو.
برادۆستی گوتی: ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و گواستنەوەی دانیشتنەكە بۆ خەڵكی كوردستان بە شێوەیەكی راستەوخۆ و بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی سەرجەم فراكسیۆنەكان رەنگدانەوەیەكی جیاوازی ھەبوو. تەنانەت لەو كاتی دانیشتنەكەدا كە چەند پشوویەكی زۆر كورد ھەبوو، خودی پەرلەمانتارانی ئۆپزیسیۆن و پەرلەمانتارانی لایەنەكانی دیكەش، بە ئێمەیان وەك ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دەیانگوت، ئێمە لەو بڕوایەدا نەبووین، كە سەرۆكی حكومەت بەتایبەت، بتوانێت بەم شێوەیە و بەو متمانە بەخۆبوونە وەڵامی ئێمە بداتەوە و قەناعەت بە ئێمەش بێنێت، كە پرسیارەكانی ئێمە چۆن گەیشتوونەتە لای ئەو و چۆن وڵاممان دەداتەوە. ھەروەھا بارودۆخی حكومەتیش لەو بوارە گشتییانەی، جەنابیان باسیكردن، ئێمە بگەینە ئەو قەناعەتەی كە بەو شێوەیە، بۆیە ئەوان زیاتر لە ئێمە بە حەماستر بوون لەسەر كۆبوونەوەكە و متمانەی زیاتریشیان بە سەرۆكی حكومەت بوو.
گوتیشی: ھەندێك لە لایەنەكانی دیكەی ناو پەرلەمان وایاندەزانی ئێمە وەك پەرلەمانتارانی پارتی تەنھا پشتگیری لە حكومەت دەكەین، بەڵام دەركەوت ئەو داوكاریانەی خەڵك كە ئێمە گەیاندمانە حكومەت، رەنگە لایەنەكانی دیكه نەیانتوانی بێت، وەكو ئێمە بیگەیەنن. لەو 98 پەرلەمانتارانەی پرسیاریان ئاراستەی حكومەت كردووە زیاتر لە 35 كەسی پەرلەمانتاری پارتی بوونە و لەو 450 پرسیارەی ئاراستەی سەرۆكی حكومەت كران زیاتر لە 150 پرسیاری ھی پەرلەمانتارانی پارتی بوون و سەرجەمی بۆ خەمخۆری داواكانی خەڵكی كوردستان بووە و بەڕێگای فراكسیۆنی پارتییەوە بگەیەنرێتە حكومەتی ھەرێمی كوردستان.
برادۆستی سەبارەت بەكاردانەوەی لایەنەكانی ئۆپزیسیۆن لەمەڕ ئەو ئامادەبوونە سەرۆكی حكومەتی ھەرێم كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پرسیارانی ئەندامانی پەرلەمان تووشی تاسان بوون، كە بەو شێوەیە سەرۆكی حكومەت ھەم لە گوتارەكەی خۆی و ھەم لە وهڵامی پرسیارەكانی ئەوان قەناعەتی پێھێنان، كە بە چ شێوەیەك ئەوان پرسیارەكانیان دەگەیەن و پرسیارەكان بۆ موزایەدە نەبێت، بەڵكو بۆ گەیاندنی خزمەت بێت بە ھاووڵاتیان و ھەر كاتێك ئەوان ویستیان ئەم كارە بكەن ئەوە ھەموومان ھەماھەنگ دهبین.
سەرۆكی حكومەت ھەر لەوێ ئاماژەیكرد، تەنھا حكومەتی ھەرێمی كوردستان قەرزاری خەڵك و مووچەخۆران نین، بەڵكو حكومەتی عێراقیش قەرزاری ئێمەیە لە ڕووی قەرزەوە. بۆیە پێوستە ھەموومان پێكەوە لە ناو پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەلایەن بەشدارەكانی حكومەت و بە ئۆپزیسیۆنەوە چۆن داوا لە حكومەتی ھەرێم دەكرێت ماف و مووچە بدات، ھەمووشمان بەیەكەوە داوا لە حكومەتی فیدراڵ بكەین، شایستە داراییەكانی حكومەتی ھەرێم بدات، بۆ ئەوەی حكومەتی ھەرێمیش بتوانێت شایستە داراییەكانی موچەخۆران بداتەوە.