په‌یه‌ده ره‌تیكرده‌وه چه‌كداری ره‌وانه‌ی قه‌ره‌باغ كردبێت
K24 – هه‌ولێر:
نوێنه‌ری "پارتی یه‌كێتی دیموكراتی" ناسراو به (په‌یه‌ده)، عه‌بدولسه‌لام عه‌لی، ره‌تیكرده‌وه، هیچ چه‌كدارێكیان ره‌وانه‌ی ئه‌رمینیا كردبێت بۆ شه‌ڕكردن له دژی ئازه‌ربیجان.
ده‌سته‌ی "ئه‌منی ده‌وڵه‌تی ئازه‌ربیجان" بڵاویكرده‌وه، ئه‌رمینیا هێزی چه‌كداری به‌كرێگیراوی له عێراق و سووریاوه به‌كارهێناوه بۆ شه‌ڕكردن له دژی سوپای ئازه‌ربیجان.
له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی "نۆڤۆستی" رووسیی، ئه‌و به‌رپرسه‌ی "په‌یه‌ده" ره‌تیكرده‌وه، هیچ چه‌كدارێكیان ره‌وانه‌ی هه‌رێمی "ناگۆڕنۆ قه‌ره‌باغ" كردبێت و گوتیشی: "كورد هێنده كێشه‌ی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، به‌سی بێت و نه‌یپرژێته سه‌ر ناردنی چه‌كداران بۆ به‌رگریكردن له ئه‌رمینیا".
هه‌روه‌ها گوتی: "له‌و بڕوایه‌دام، ئه‌نقه‌ره بره‌و به‌و جۆره بانگه‌شانه ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی پاساوێكی ده‌ستبكه‌وێت، تاوه‌كو به‌شداری شه‌ڕه‌كه بكات بۆ پشتیوانیكردنی ئازه‌ربیجان".