سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ دەیڤد کۆپلی كۆبووه‌وه‌

جه‌خت له‌سه‌ر بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و عێراق به‌تایبه‌ت له‌ بواری ئابووریدا كرایه‌وه‌

K24 – ھەولێر:

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 6/10/2020 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پێشوازى له‌ دەیڤد کۆپلی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسى، ئه‌منى، گفتوگۆی ستراتیژیی ئه‌مه‌ریکا و عێراق و په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ردوولا، کێشه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنیان، هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر نێرده‌ ديپلۆماسيه‌كان و هێزه‌كانى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش، پرسى هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌كانى داهاتوو، هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى جموجووڵه‌ چه‌كدارييه‌كانى داعشيان تاوتوێ كرد.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ڵ عێراق کره‌ده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بواری ئابووریدا و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی کار بۆ که‌رتی تایبه‌ت و سه‌رمایه‌گوزاریی ئه‌مه‌ریکی له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان و فراوانکردنی هاریکاری و ها‌وبه‌شیی نێوانیان.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌ پێويستيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌رده‌واميى ئه‌رك و پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش و هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌کان تا نه‌هێشتنی یه‌کجاریی هه‌ڕه‌شه‌کانی داعش و له‌ناوبردنی.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، که‌ کونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌ولێر ئامادی بوو، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، په‌تاى كۆڤيد 19 و لێكه‌وته‌كانى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، خرانه‌ به‌ر باس.