لیژنه‌ی باڵای چاكسازی راپۆرته‌كه‌ی له‌باره‌ی 3 مانگی جێبه‌جیكردنی یاسای چاكسازی ته‌واو كردووه‌

وردەکاری جێبەجێکردنی یاساکە و رێکارەکانیشى ئامادەکردووە
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازی رایدەگەیەنێت، راپۆرتیان لە بارەی ئەنجامی سێ مانگی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی تەواو کردووه‌ و لەم نزیکانە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی دەکات و رەوانەی پەرلەمانی کوردستانی دەكەن.

عه‌بدولحەکیم خەسرەو، سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازی گوتیشی: راپۆرتەكە وردەکاری لە بارەی تەواوی ماددەکانی یاساکەی تێدایە.

له‌كاتێكیشدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەمیانه‌ی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان راپۆرتێكی لەبارەی ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی پێشكەش كرد و گوتی: چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم تەنها لە مووچە و دەرماڵە و خەرجیەکان نییە، بەڵکو لە تەواوی سەرچاوەکانی داهاتیش دەبێت، دوای ئەم کۆبوونەوەیە پەرلەمان چاوەرێی راپۆرته‌كه دەکات کە حکومەت دەینێرێت، پەرلەمانتارانیش دەڵێن مەسرور بارزانی بە شەفافییه‌وه‌ چاکسازیەکانی کابینەی نۆیەمی بۆ روونکردینەوە.

بەگوێره‌ی رێکەوتنی حکومەت و پەرلەمان، دەبێت سێ مانگ جارێك حکومەت راپۆرتێك لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بنێرێتە پەرلەمان، حکومەت راپۆرتەکەی تەواوکردووە، وردەکاری جێبەجێکردنی یاساکە و رێکارەکانیشى ئامادەکردووە، ئەو هەماهەنگیەی کابینەی نۆیەم لەگەڵ پەرلەمان بۆ ئەوەیە، بە روونی بە پەرلەمان بڵێت: چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم تەنها لە خەرجیەکان نیە، بەڵکو لەسەرجەم سيکتەرەکانە.

H.B