هەڤاڵ ئەبوبەکر: شارەکانی دیکە دڵنیا دەکەمەوە لە دوو هەفتەی داهاتوودا وەک سلێمانیتان لێ دێت

"نەخۆش لە شارەکانی دیکەی کوردستان و عێراق و ئێرانیش دێنە سلێمانی"

K24 - هەولێر

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا زیاتر لە 50 کەس لە سلێمانی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا، پارێزگاری سلێمانی دەڵێ "تەنیا خۆپارێزییە" و، چاوەڕوان دەکات لە دوو هەفتەی داهاتوودا، رەوشی شارەکانی دیکەی کوردستان هاوشێوەی سلێمانییان لێبێت.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی، ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی گوتی "تاکە هۆکارێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، خۆپارێزییە. خۆپارێزییەکەش کورتبووەتەوە لە رستەیەکی سادە: بەکارهێنانی ماسک و دوورکەوتنەوەیە لە قەرەباڵخی".

هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی تووشبوون بە کۆرۆنا لە سلێمانی بە گوتەی پارێزگارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ "بارودۆخی بژێویی ژیانی خەڵک، خراپیی دۆخی دارایی و ئابووری، هەروەها هۆکارێکی دیکە ئەوەیە هەندێک هاووڵاتی ئێستا کە لە وەرزی پاییزین پەتا دەگرن و وادەزانن پەتای وەرزییە، بەڵام کاتێک دێنە نەخۆشخانەکانەوە بارودۆخیان زۆر خراپ بووە".

سلێمانی یەکەم پارێزگای کوردستان بوو، کۆرۆنای لێ تۆمارکرا و تائێستا 16 هەزار و 842 کەس تووشی پەتاکە بوون، لەو ژمارەیەش بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی 953 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و، 10 هەزار و 498 کەسیشیان چارەسەرکراون.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی زۆریی ژمارەی گیانلەدەستدان وەک هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاشکرای دەکات ئەوەیە "لە زۆر شاری کورستان، عێراق و تەنانەت ئێرانیش دێنە سلێمانی بۆ وەرگرتنی چارەسەر، کاتێک ئەوانە گیانلەدەستدەدەن، ئامارەکەی لەسەر سلێمانی هەژمار دەکرێت".

هەڤاڵ ئەبوبەکر جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئێستا سلێمانی لەو قۆناغەدایە کە پەتای کۆرۆنا بەتەواوی تێیدا بڵاوبووتەوە، من هەموو شارەکانی دیکە دڵنیا دەکەمەوە، لە دوو هەفتەی داهاتوودا وەکو سلێمانیتان لێدێت، وەک چۆن لە رابردوودا پێشبینیمان دەکرد ئەو دۆخە دەچێتە هەولێر و دهۆک، کە بە داخەوە بە کەرەنتینە و قەدەغەی هاتووچۆ رێگەی لێ نەگیرا".

لەبارەی ئەگەری راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری پەتاکە، هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند "بەبڕوای ئێمە نە قەدەغەی هاتووچۆ، نە کەرەنتینەکردن ئێستا هیچ سوودێک بەو رەوشە ناگەیەنن، چونکە لەو قۆناغەدا کۆرۆنا چووەتە نێو هەموو ماڵەکان، هیچ ماڵێک نییە ئێستا حاڵەتێکی تووشبوونی تێدا نەبێت و دەگمەنە خێزانێک بدۆزیتەوە بەرکەوتەیان نەبێت".

بەگشتی لە هەرێمی کوردستان تائێستا زیاتر لە 51 هەزار کەس تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە 1877 کەس.

 

هـ.ر.