چاپی دووەمی كتێبێكی "كورد و ئەمریكا" بڵاوكرایەوە

توێژینەوەیەكی ورد و پوختە لەسەر سیاسەتی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

K24 - هه‌ولێر:

كتێبی "كورد و ئەمریكا.. پەرەسەندنی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە كوردی عێراق" لە دوو توێی 372 لاپەڕە پێكدێت و لەلایەن د. شیرین فوئاد مەعسووم-ەوە نووسراوە، كە لە ساڵی 2007 وەك تێزی دكتۆراكەی لە زانكۆی دراساتی ئیسلامی لە لەندەن بەزمانی ئینگلیزی پێشكەشی كردووە و  رزگاری عومەر عەلی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی. لەساڵی 2011 چاپی یەكەمی كراوە و لەبەر گرنگی بابەتەكە بۆ جاری دووەم بە دیزاینی نوێوە چاپكراوەتەوە. 

ئەم كتێبە توێژینەوەیەكی ورد و پوختە لەسەر سیاسەتی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ساڵانی (1918-2006) كە تێیدا بە وردی باس لە گۆڕانكارییەكانی سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چۆنێتی مامەڵەی لەگەڵ مەسەلەی كورد دەكات. هاوكات بەوری باس لە خەباتی بزوتنەوەی كورد بە گشتی و بەتایبەتیش مێژووی خەباتی كورد لە عێراق لە نێوان ساڵانی (1918-2006) دەكات.

جێی باسە لەم توێژینەوەیەدا 36 لاپەڕەی تایبەتە بەو سەرچاوانەی لە كتێب و گۆڤار و رۆژنامە بیانییەكانی پەیوەست بە بابەتەكە بەكارهاتووە. لەگەڵ چەند بەڵگەنامەیەك لە ئەرشیڤی ئەمریكا بۆ یەكەمجار بەڵگە و سەرچاوەی زۆر تایبەت بەكارهاتووە، كە نووسەر هەوڵێكی جددی داوە تا بەدەستیان بخات. بەوتەی نووسەر تاكو ساڵی 2001 ئەو بەڵگەنامانە لە ئەمریكا بەنهێنی ماونەتەوە.

دەربارەی چاپی دووەمی كتێبەكە د. شیرین فوئاد مەعسووم دەڵێت: "لەم توێژینەوەیەدا زۆرترین سەرچاوە و بەڵگەی تایبەت لە ئەرشیڤی ئەمەریكا بەكارهاتووە، كە تاكو ساڵی 2001 نهێنی ماونەتەوە و بۆ رایگشتی بڵاونەكراونەتەوە. كە من خۆم لە زانكۆی جۆرج واشنتن لە واشنت بەڵگەكانم بەدەستهێناوە. من یەكەم كەس بووم وەك ژنێكی كورد توانیومە ئەو سەرچاوانە بەدەستبهێنم و لەم توێژینەوەیدا بڵاویان بكەمەوە".

نووسەر دەشڵێت: "گرنگە توێژینەوە لەو بارەیەوە بكەین، تا بزانین ئەمریكا چۆن لەگەڵ كورددا هەڵسوكەوتی كردووە، ئایا هیچ سیاسەتێكی بەرامبەر بە كورد هەبووە؟ هەروەها ئەم توێژینەوەیە چاوێكیش بە سیاسەتەكانی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بە شێوەیەكی گشتی دەخشێنێتە‌وە و باس لەوەش دەكات، كە چۆن واشنتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێوەگلاوە، بە تایبەتیش لە عێراق ‌و ئێراندا".