زمانی پەرلەمانتاران
ئۆباڵی کۆمه‌ڵێک کۆسپ و لێکه‌وته‌ی سیاسیی، ئابووریی، ته‌ندروستیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی وا له ئه‌ستۆی به‌شێکی گه‌وره‌ی سیاسییه‌کانماندا. له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌شێک له گه‌نجان، چه‌نده‌ها چه‌مک و وشه‌ی ئینگلیزییان هێنایه زمانی کوردییه‌وه و له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌رایه‌کی گه‌وره‌ی کولتوورییان نایه‌وه.
خودی خۆم رووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵێک ره‌خنه‌ی خوێنه‌ر ده‌بمه‌وە، هه‌تاوه‌کوو ئێستاش، ئه‌ویش به‌هۆی به‌کارهێنانی کۆمه‌ڵێک چه‌مکی زانستییه‌وه له وتاره‌کانمدا. بۆ به‌رگرییکردن له‌م دیارده‌یه‌ی خۆم، چه‌مکی زانستیی نێونه‌ته‌وه‌ییه، له وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا، که‌ندا و ئوستورالیادا رووبه‌رێکی گه‌وره‌یان داگیرکردووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ وڵاتێک کێشه‌یه‌کیان له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت، به‌بێئه‌وه‌ی هاووڵاتییان هیچ کێشه‌یان له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت. کێشه‌یان نییه له‌گه‌ڵیدا، چونکه ئه‌م وڵاتانه خاوه‌نی دوو زمانن، زمانی دایک و زمانی زانست، تاکێکی کارمه‌ند، ئه‌کادیمییه‌ک، نووسه‌رێک، سیاسییه‌ک، رۆژنامه‌وانێک خاوه‌نی زمانی زانسته و هه‌رگیز هاووڵاتییان کێشه‌یان له‌گه‌ڵ زمانه‌که‌یدا نییه، چونکه یان ئه‌وه‌تا به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییان ئاشنای زمانی زانستن یان ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی تێناگات هه‌وڵی تێگه‌یشتن ده‌دات. له کوردستاندا ده‌گمه‌نن ئه‌و نووسه‌ر، ئه‌کادیمی، سیاسیی، رۆژنامه‌وان و کارمه‌ندانه‌ی که به زمانی زانست قسه ده‌که‌ن. هه‌مانکات به گشتیی ده‌گمه‌نیشن ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی، که خاوه‌نی زمانێکی کوردیی خاوێنن. نه‌ک به ته‌نها له رووی وشه‌وه، به‌ڵکوو له رووی واتاشه‌وه. باشووری کوردستان له ساڵی 1991ه‌وه ئازاده، له‌م ماوه زۆره‌دا ده‌بوایه زمانی کوردیی گه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر خۆیدا بهێنایه، چ له رووی چه‌مک و چ له رووی واتاشه‌وه، لێ به‌داخه‌وه وێڕای هه‌وڵ و تێکۆشانی خه‌ڵکانێک، که له هه‌وڵی رێکخستنه‌وه‌ی زمانی کوردییدان، که‌چی زمانی کوردیی هه‌تا بێت به‌ره‌و رۆچوونێکی گه‌وره‌تر ده‌ڕوات. به‌بێ به‌عس ئێستا له چوار به‌ش دوو به‌ش زیاتری زمانی کوردیی عه‌ره‌بییه. له هاووڵاتییه‌کی گه‌نجی ساده و ساکاره‌وه بیگره هه‌تاوه‌کوو رۆشنبیر، سیاسیی، نووسه‌ر به‌شێکی گه‌وره‌ی زمانه‌که‌ی عه‌ره‌بییه.
دوا کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیران و شانده‌که‌یدا راستییه‌کی تاڵی ئه‌م دۆخه‌ن. زمانی سه‌رۆک وه‌زیران خاوه‌نی چه‌ند وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بیی بوو، به‌ڵام زمانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیران له زمانی عه‌ره‌بێک ده‌چوو، که فێری زمانی کوردیی بووبێت، چونکه گه‌وره‌ترین به‌شی زمانه‌که‌ی عه‌ره‌بیی بوو نه‌ک کوردیی. سه‌مه‌ره‌ش لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که جێگری سه‌رۆک وه‌زیران له ئه‌وروپادا گه‌وره بووه نه‌ک له کوردستان. زمانی په‌رله‌مانتاران به هه‌مانشێوه.
زمانی کوردیی خاوه‌نی ئه‌م هه‌موو دیالێکته جوانه‌یه، له‌بری ئه‌وه‌ی وشه‌ی عه‌ره‌بیی به‌کاربێت، ده‌توانرێت وشه‌ی دیالێکته‌کان به‌کاربێت، به‌مشێوه‌یه ده‌بینه خاوه‌نی زمانێکی کوردیی خاوێن و کوردستانی گه‌وره‌ش له زمانه‌که‌ماندا یه‌کده‌خه‌ینه‌وه. زمان ده‌زگایه‌کی کۆگنه‌تیڤیی گرنگه بۆ مرۆڤ. ده‌زگاکه چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، هێنده‌ش ستیمولیره‌ی مێشک زیاتر ده‌بێت، هاندانی مێشک زیاتر ده‌بێت. ئه‌مه‌ش به واتای هانی مێشک ده‌درێت بۆ زیاتر چالاکیی، چه‌ند مێشک زیاتر چالاک بێت، تاک هێنده زیاتر بیرده‌کاته‌وه.
به‌ڵام کاتێک په‌رله‌مانتاران گرنگیی به زمانی کوردیی نه‌ده‌ن، که خۆیان به یاسادانه‌ری کۆمه‌ڵگا ده‌زانن، ئیدی چلۆن چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بکه‌ین، که هاووڵاتییان گرنگیی به زمانی کوردیی بده‌ن. هه‌روه‌کوو چلۆن په‌رله‌مانتاران گرنگیی به رێنماییه ته‌ندروستییه‌کان ناده‌ن، ئیدی چلۆن چاوه‌ڕێی ئه‌وه بین، که هاووڵاتییان گرنگیی پێبده‌ن. جێگای نیگه‌رانییه، که خاوه‌نی په‌رله‌مانێکین، که به‌شێکی گه‌وره‌ی زمانی په‌رله‌مانتاره‌کانی عه‌ره‌بییه، هه‌روه‌کوو چلۆن به‌شێکی گه‌وره‌ی زمانی وه‌زیره‌کان عه‌ره‌بییه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که چلۆن ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکه‌ین؟ وه‌ڵام، به ئاگایی به‌رده‌وامیی زمان. هه‌میشه به‌ئاگابه له‌وه‌ی، که چیده‌ڵێیت.