شەقامی سیاسی عێراقی چۆن لە راپۆرتەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ڕوانی؟

"مه‌سرور بارزانی ده‌یه‌وێت کێشەکان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات"

K24 – ھەولێر:

راپۆرتەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، كە لە ھۆڵی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشیکرد و جەختیکردەوە لەوەی پێویستە کێشە ھەڵپسێردراوەکانی ھەولێر لەگەڵ بەغدا لە سەر مێزی گفتوگۆ لە چوارچێوەی دەستوور چاره‌سەر بکرێن. لە سەر ئاستی شەقامی سیاسی عێراق وەک نیازپاکی بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی ھەردوولا تەماشا دەکرێت.

ئەمە نیەتی راستەقینەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمە، بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەبووە ھەڵپسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێم و بەغدا، دووبارەکردنەوەی رستەی چارەسەری کێشەکانی ھەرێم و بەغدا بە دانوستان و لە سەر مێزی گفتوگۆ، لە لایەن مەسرور بارزانیەوە لە ھۆڵی پەرلەمانی کوردستان، لە سەر ئاستی شەقامی سیاسی عێراق وەک نیازپاکیەک بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی ھەردوولا تەماشا دەکرێت.

ھادی عیسامی، شرۆڤەکاری سیاسی گوتی: "ھەنگاوەکانی ھەردوو حکومەت ئەوە دەردەخەن کە نایانەوێت بەسەر کێشەکان بازدەن، خودی مەسرور بارزانی کار بۆ ئەوە دەکات چارەسەری کێشە و ئاڵۆزییەکان ریشە کێش بکات و کۆتاییان پێ بھێنێت".

گوتیشی: ئەو کۆبوونەوانەی لە نێوان مەسرور بارزانی و موستەفا کازمی ئەنجامدراون رێکەوتنی نوێی گرنگی بە دوای خۆیدا ھێنا، چونکە مەسرور بارزانی بە روونی و راستگۆیی دۆخی کوردستانی خستەڕوو، ھاوکات دەیەوێت چاکسازی بکات و کێشەکان نەھێڵێتەوە، بۆیە ئەمەش وایکردووە حکومەتی عێراق زیاتر پابەندی ریکەوتنەکان بێت".

محمد سەلامی، کادری پێشکەوتووی حزبی شیوعی عێراق گوتی: "ئەوەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم گوتی؛ زۆر ئاشتیانە بوو، چونکە زانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بە دیدگایەکی نیشتیمانی کاردەکات، بۆیە دۆخی ھەرێم و بەغدا بە نیەتێکی راستەقینە و کاڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکان چارەسەر دەکرێن لە چوارچێوەی دەستور، ئەمەش لە رابردوو نەبووە".

ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ عێراق لە رووی دارایی رێکەوتنێکی سەرەتایی بۆ کراوە، کە مانگانە بڕی 320 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران رەوانە دەکرێت، تاکو پرۆژە یاسایی بوودجەی ساڵی 2021 رەوانەی پەرلەمان دەکرێت و پاشان رێکەوتنێکی نوێ، بۆ پشکی بوودجەی و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە ناو ئەو پرۆژە بوودجەیە جێگیر دەکەن.