توركیا لەبارەی قەرەباخ: ناكۆكییەكانمان لەگهڵ رووسیا سرووشتین و زیان بە پەیوەندییەكانمان ناگەیەنێت
K24 - ھەولێر:
سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، مستەفا شەنتوب رایگەیاند، ئەو ناكۆكییانەی لە نێوان وڵاتەكەی و رووسیا ھەیە لە روانین بۆ پرسی قەرەباخ زیان بە پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو دەوڵەت ناگەیەنێت.
شەنتوپ لە ھەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی "نۆڤۆستی" رووسیایی، ئەمڕۆ ھەینی، گوتی: پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و مۆسكۆ "كەلەپورێكی مێژوویی دەوڵەمەندی ھەیە". جەختیشیكردەوە، پێشتر چەند جارێكی دیكە رووبەڕووی تاقیكردنەوە بووەتهوه".
سەرۆكی پەرلەمانی توركیا گوتیشی: بەپێی خواستی ھەردوو گەل و لە سایەی گفتۆگۆی چڕی سیاسیی دوو لایەن ھەردوو وڵات توانیویانە ھەموو ناكۆكییەكان دەرباز بكەن. ئەنقەرە و مۆسكۆ پێشكەوتنێكی باشیان بەدەستھێناوە لە ھاوبەشی ستراتیجی بە ھەوڵی سەرۆكانی ھەردوو وڵات.
ئاشكراشیكرد، وەزیرانی دەرەوەی ھەردوو وڵات، مەولوود چاویش ئۆغلو و سێرگی لاڤرۆڤ ھێشتا پەیوەندیی توندوتۆڵیان ھەیە سەبارەت بە پرسی قەرەباخ.
گوتیشی: ھەڵبەتە، لەوانەیە ئێمە وەك دوو دەوڵەتی ھاوسێ بەرژەوەندی ھاوبەشمان ھەبێت و ناكۆكیشمان ھەبێت لە سەر ھەندێك دۆسیە، بەڵام نابێت ئەجێندا ئەرێنییەكانمان و دەرفەتی ھاریكاریكردن جگە لەمانەش ئاشتی و پەرەپێدانی ناوچەكە ببێتە قوربانی ناكۆكییەكانمان".
سەرچاوە: نوفوستی