زیاتر لە 1000 ماڵی كوردی سه‌عدییه‌ به‌ هۆی نه‌بوونی ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌وه‌ ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان

كورد لە ساڵی 1957 رێژەی 80% دانیشتوانی ناحیە سەعدییەی پێكدەھێنا

K24 - ھەولێر:

بەرپرسێكی كورد لە پارێزگای دیاله‌، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ئەمڕۆ ھەینی رایگەیاند، بە ھۆكاری ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزاری نزیكەی 1000 خێزانی ئاوارەكراوی كورد رەتیدەكەنەوە بگەڕێنەوە ناوچەی سەعدییە، كە 60 كیلۆمەتر لە شاری باقوبە دوورە.

سەرچاوەكە بە سایتی شەفەق نیوزی راگەیاندووە، "نزیكەی 2000 خێزانی كورد لە ناحیەی سەعدییە لە نێوان ساڵانی 2007-2014 ئاوارەبوونە بەھۆی ھەڕەشەی كۆمەڵە تیرۆرستییەكان و خراپی خزمەتگوزارییەكان"، ئاشكراشیكرد، زیاتر لە 1000 خێزان لەرووی بژێوی و خزمەتگوزاری خۆیان گونجاندووە لە ناوچەكانی خانەقین و پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان و رەتیدەكەنەوە جارێكی دیكە بگەڕێنەوە ناحیەكە بەھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و ناسەقامگیری ئەمنی ئەو ناوچەیە".

بەپێی ئامارەكانی نیمچە فەرمی، ژمارەی كورد لە ناحیەی سەعدییە لە كەمبوونەوەدایە و لە 4000 خێزان گەیشتووەتە نزیكەی1500 خێزان.

سەرچاوەكە، ئاماژەیكرد، كورد لە ساڵی 1957 رێژەی 80% دانیشتوانی ناحیەكەی پێكدەھێنا، بەڵام ئێستا رێژەیان لە 10% دەرباز ناكات، ئەمەش لە ئەنجامی دەركردنی بە زۆرەملێ لە لایەن رژێمی پێشووە و كاری كوشتن كۆچپێكردنیان بەشێوەیەكی رێكخراولە لایەن پاشماوەكانی رێكخراوی قاعیدەوە لە ساڵی 2007  دەستپێكرد .

رێكخراوەكانی قاعیدە و داعش بە پشتیوانی ھەندێك لایەنی عەرەبی لە نێوان ساڵانی 2006 - 2014 گۆڕانكاری دیمۆگرافیان لە ناحیە سەعدییە ئەنجامدا بەدەركردن و كوشتنی كورد، ئەمەش بووە ھۆی كەمبوونەوەی رێژەی دانیشتوانی كورد لە ناوچەكانی سەعدیە بۆ 10- 15%.

سەعدییە، دەكەوێتە باكووری رۆژھەڵاتی دیالە بە دووری 60 كیلۆمەتر و یەكێكە لە ناوچە گەرمەكانی ئەمنی  و چەندین رووداو و پێشلكردنی لە میانی ساڵانی رابردوو بەخۆیەوە دیوە، بەھۆی نزیكی لە به‌رزاییه‌كانی حەمرین و ده‌كه‌وێته‌ سنووری مادەی 140 دەستووری عێراقی.

سەرچاوە: شەفەق نیوز