سەرۆكی ئەرمینیا: توركیا ھەوڵی بەردەوامبوونی شەڕ دەدات لە قەرەباخ

" توركیا ھەوڵدەدات لە ئازەربایجان بمێنێتەوە لە پێناو وزە و غازدا"

K24 - ھەولێر:

سەرۆكی ئەرمینیا، ئارمین سەركیسیان رایگەیاند، ململانێی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان "ئاسان و سادە نییە، بەڵكو نزیكەی 70 ساڵە بەردەوامە".

گوتیشی: "توركیا ھەوڵدەدات شەڕ لە قەرەباخ بەردەوام بێت بۆ ئەوەی لە ئازەربایجان بمێنێتەوە لە پێناو وزە و غازدا، ئەمە جگە لە ھەوڵەكانی بۆ قڕكردنی نـژادی ئەرمەن لەو ھەرێمەدا".

سەرۆكی ئەرمینیا جەختیكردەوە، "توركیا بووەتە لایەنێكی سەرەكی ململانێیەكە و خەڵكی سیڤیل بۆردومان دەكات و ئەو پشتیوانییە روون و ئاشكرایەی توركیا بۆ ئازەربایجان ململانێیەكەی ھەرێمی قەرەباخی گڕدار كردووە".

سەركیسیان ئاماژەیكرد بەوەی "توركیا بەكرێگیراوانی گواستووەتەوە بۆ پشتیوانی ئازەربایجان، بۆیەش ئەمە ئێستا كێشەی ھەرە گەورەیە لە ململانێیەكەدا. پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشار بخەنە سەری بۆ راگرتنی كردەوەكانی لە ھەرێمەكەدا، بە تایبەتی رووسیا و فەره‌نسا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، چونكە ئەمانە رۆڵێكی گرنگ دەگێڕن لە گەڕاندنەوەی لایەنەكان بۆ سەر مێزی دانوستان".

سەرۆكی ئەرمینیا سوپاسی گەلی میسریی كرد، "چونكە زۆر خزم و ھاوڕێی ھەنە، كە لە میسر ژیاون، نەك تەنھا لەبەر میوانداری چاكیان بۆ ئەرمەنەكان، كە لە سەدەكانی كۆنەوە دەستیپێكردووە".

ھەروەھا "سوپاسی كردن بۆ میوانداریكردنیی ئەو ئەرمەنییانەی ماڵەكانیان لە دەستدا لە ئەنجامی جینۆسایدكردنیان لە لایەن توركیاوە و ئومێدی پشتوانیی خواست لە میسرییەكان".