ترەمپ: من بەھێزم و حەزم لە دەرمان نییە
K24 - ھەولێر
سەرۆكی ئەمەریكا دڵنیایی دەدات لەوەی تەندروستی باشەو بێ ئەوەی دەرمان بەكاربھێنێت، ھەناسەدانی كێشەی نییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوز، ئاماژە بەوە دەكات، باری تەندروستی زۆر باشە و ھەست بە باشی دەكات.
ئاماژە بەوەش دەكات، سەرەتا ھەستی بە بێھێزی كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەناسەدانی كێشەی نەبووە، وەك ئەوەی زۆر كەس ھەناسەی تەنگ دەبێت یان پێویستی بە ھەناسەدانی دەستكردە.
ترەمپ، گوتی: "من بەڕاستی ھەست بە باشی دەكەم و زۆر بەھێزم، دەزانم زۆر كەس دۆخیان خراپە كە ڤایرۆسە چینییەكەیان ھەیە، بەڵام من باش و بەھێزم، سەرەتا ھەستم دەكرد باش نیم و بێھێز بووم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەناسەم كێشەی نەبووە، وەك ئەوەی زۆرێك لە خەڵك كێشەیان ھەیە. تەنیا لاواز ببووم، ھەستم دەكرد وەك ئەوە نیم كە دەبێت سەرۆكی ئەمەریكا وابێت، دەمزانی شتێكی خراپ دەگوزەرێت".
گوتیشی: "ئێستا ھیچ دەرمانێك بەكارناھێنم و زیاتر لە ھەشت كاتژمێرە ھیچ دەرمانم بەكارنەھێناوە، من حەزم بە بەكارھێنانی دەرمان نییە. رۆژ بە رۆژ ئەنجامی پشكنینی سییەكانم باشترە و ھەست بە باشی و بەھێزییەكی زۆر دەكەم و باشتر دەردەكەوم".