دەرگای قوتابخانە بۆ قوتابیانی یەك و دووی بنەڕەتی دەكرێتەوە

پڕۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە

 - ھەولێر

ئەمڕۆ پڕۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە و دەرگای قوتابخانەكانیش بۆ قوتابیانی پۆلەكانی یەك و دووی بنەڕەتی دەكرێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی پەروەردە بڕیارە ئەمڕۆ پڕۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە، كە خوێندنی ئەلیكترۆنییە لە قوتابخانە حكومییەكان و لە چەند قوتابخانەیەكی نا حكومیش خوێندنی ئەمساڵ ئۆنلاین دەبێت.

وەزارەتی پەروەردە روونیكردووەتەوە،  قۆناغی 1 و 2ی بنەڕەتی لە گشت قوتابخانە بنەرەتیەکانی حکومی و ناحکومی لەناو پۆل بەڕێنمایی خۆپارێزیی و بەستنی ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان دەوام دەستپێدەکەن. قۆناغی سێیەمی بنەرەتی تا یازدەی ئامادەیی، بە شێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست بە خوێندن دەکەن لە رێگای پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی.

پێشتر وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بڕیاری خوێندنی ئەلیكترۆنیی دابوو، تەنیا پۆلەكانی یەك و دووی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی لە قوتابخانەكان دەوام دەكەن. ھەروەھا پۆلەكانی دیكە بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوە دەبێ بچنەوە قوتابخانە.

بەھۆی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەمساڵ پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان وەك زۆربەی وڵاتانی جیھان دواكەوت، لە 27/9/2020 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە یەكێك لە قوتابخانەكانی سنووری ھەولێر زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا. كە لە سەرەتای پرۆسەكەدا تەنھا پۆلی 12ی ئامادەیی لە پۆلەكان دەستیان بە دەوام كردەوە.

ھ.م