وەزارەتی دەرەوەی ئوردن پێشوازی لە رێککەوتنی بەغدا و هەولێر دەکات لەبارەی شنگال

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ رێککەوتنیان لەسەر ئیدارەدانی شنگال.

زەیفوڵا فایز، باڵیۆزی ئوردن لە راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ لە تویتەر رایگەیاند "شانشینی ئوردن بە رێنمایی جەنابی شا عەبدوڵڵای دووەم لەگەڵ عێراقدایە و پاڵپشتی لە حکومەتی عێراق دەکات لە هەوڵەکانی بۆ سەرکەوتن بەسەر تەحەدییەکان و پاراستنی ئاسایشی عێراق، سەقامگیریی و سەروەرییەکەی، هەروەها هێنانەدیی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بۆ گەشەسەندن و پێشکەوتن".

دوای چەندین مانگ لە دانووستاندنی جیدی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، دوێنێ رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال واژۆکرا.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە رایگەیاند، رێککەوتنەکە "یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکانی شنگال کە رووبەڕووی ئازار و مەینەتییەکی زۆر بوونەته‌وە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش. بێگومان ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، رۆڵێکی گرنگی دەبێت لەوەی خەڵکی ناوچەکە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن".

بەپێی رێککەوتنەکە هەولێر و بەغدا رێکەوتوون لەسەر ئەوەی: شنگال لە رووی ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوەببرێت. ئەم رێککەوتنەش بەگوتەی سەرۆکی حکومەت "سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور".

 

هـ.ر.