"چەند تووشبووێكی کۆرۆنا لە دھۆك جارێکی دیکە تووشی ڤایرۆسەکە دەبنەوە"

تووشبوون بە كۆرۆنا زیاد دەكات
kurdistan24.net

K24 دھۆك

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک ئاشكرای دەكات، چەند حاڵەتێكی دووبارە تووشبوونەوە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو پارێزگایە تۆمار كراوە.

هەمزە رەزکی، گوتەبێژی تەندروستی دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند، تا ئێستا سێ کەس کە پێشتر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، جارێکی دیکە تووشی ڤایرۆسەکە بوونەتەوە و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.

گوتەبێژی تەندروستی دهۆک ئاشکراشی کرد، ئێستا نزیکەی 25 تووشبووی کۆرۆنا لە دھۆك تەندروستیان ناجێگیرە.

لەبارەی رەوشی رەوشی تەندروستی هۆشداریی دا، ئەگەر ھاووڵاتییان پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی نەبن رەنگە کارەسات رووبدات.

ئاماری تووشبوو بە كۆرۆنا جارێكی دیكە رووی لە ھەڵكشان كردووەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا پشكنین بۆ 3 ھەزار و 16 كەس كراوە، كە ئەمەش زۆرترین پشكنینە كە تائێستا لەم ماوەیەدا لە دھۆك ئەنجامدرابێت.

بەپێی ئامارەكان تائێستا 15 ھەزار و 127 كەس لە سنووری پارێزگای دھۆك تووشی كۆرۆنا بوونە و 6 ھەزار كەس چارەسەر كراون و زیاتر لە 8 ھەزار تووشبووش لەژێر چارەسەردان.