عێراق و چین لە هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی پێشەنگن

ئێران قەبارەی بازرگانی یەک مانگی بڵاوکردەوە

K24 - ھەولێر

ئێران قەبارەی بازرگانییە دەرەكییەكانی لە مانگێكدا ئاشكرا دەكات و عێراق و چینیش پێشەنگی ھاوردەكارانی ئەو وڵاتەن.

روحوڵڵا لەتیفی، بەرژەوەندی گومرگەكانی ئێران رایگەیاندووە، مانگی حوزەیران قەبارەی بازرگانی دەرەكی وڵاتەكە گەیشتووەتە 5 ملیار و 767 ملیۆن دۆلار كە بڕەكەی 11 ملیۆن تۆن كاڵا بووە.

سەرۆكی بەرژەوەندی گومرگەكانی ئێران دەڵێت، ھەناردە دەستیان بەسەر 8 ملیۆن و 252 ھەزار تۆنـی كۆی قەبارەی بازرگانییە دەرەكییەكە گرتووە كە بڕی 2 ملیار و 691 ملیۆن دۆلار دەكات ، لە بەرامبەریشدا ھاوردە  2 ملیۆن و 690 ھەزار تۆن بووە كە بەبەھای 3 ملیار و 76 ملیۆن دۆلار دەكات.

جەختیشیكردەوە، مانگی حوزەیران ھەناردە بەرێژەی 6% گەشەی كردووە بەراورد بە مانگی پێشووتر و چین لە لیستی وڵاتانی ھاوردەكاری كاڵای ئێرانی لە پێشەنگە و مانگی حوزەیران ھاوردەكانی گەیشتووەتە 2 ملیۆن و 267 ھەزار تۆن كە بە بەھای 669 ملیۆن دۆلارە، دواتر عێراق ملیۆنێك و 415 ھەزار تۆن بەبەھای 565 ملیۆن دۆلار، ئیمارات بە ملیۆنێك و 215 ھەزار تۆن بە بەھای 379 ملیۆن دۆلار، ئەفغانستان بە 704 ھەزار تۆن بە بەھای 232 ملیۆن دۆلار  و توركیا بە 380 ھەزار تۆن بە بەھای 218 ملیۆن دۆلار دێن.