ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزە: ئێران ئەوەندە یۆرانیۆمەی نییە بۆمبی ئەتۆمی دروستبکات

"هەموو مانگێک یۆرانیۆمی پیتێنراو زیاتر دەکات"

K24 - هەولێر

ئێران هەرچەندە بە خێرایی یۆرانیۆمی پیتێنراو بەرهەمدێنێت، بەڵام "لەم قۆناغەدا ئەوەندە یۆرانیۆمە پیتێنراوەی نییە، کە تەنانەت یەک بۆمبی ئەتۆمی پێ دروست بکات".

رافائێل گرۆسی، سه‌رۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە رۆژنامەی دی پرێسی نەمسایی راگەیاند "ئێرانییەکان بەردەوامن لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بە پلەیەکی زیاتر لەوەی پێیەوە پابەند بوون، ئەو بڕە یۆرانیۆمە پیتێنراوەش هەموو مانگێک زیاددەکات".

لەبارەی ئەو کاتەی ئێران پێویستییەتی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، گرۆسی گوتی "لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، باسی کات ناکەین... سەیری زۆرترین و کەمترین بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراو یان پلۆتینیۆم دەکەین، کە پێوستە بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوەکی و ئێستا ئێران ئەو بڕە زۆرەی نییە".

هەرچەندە ئێران، سوورە لەسەر گوتەکانی، کە دەڵێت یۆرانیۆمی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیخوازییە، ساڵی رابردوو بە ئەنقەست و بە ئاشکرا پاشگەزبوونەوەی خۆی لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە راگەیاند، کە لە ساڵی 2015 لەنێوان ئێران لەگەڵ: چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، رووسیا، بەریتانیا و ئەمەریکا واژۆکرا. ئەو هەنگاوەشی لەدژی ئەوە بوو؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوە و سزای زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند.

بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، ئێران پێویستی بە بەرهەمهێنانی هەزار و 50 کیلۆگرام یۆرانیۆمە کە بەڕێژەی 3.36٪ پیتێنرابێت، بەڵام دواتر پێویستی بەوەیە یۆرانیۆمەکە بەڕێژەی 90٪ یان زیاتر، بپیتێنێت.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە مانگی 9 رایگەیاندبوو، ئێران زیاتر لە 10ھێندەی ئەو بڕە یۆرانیۆمە پیتێنراوەی لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بۆی دیاریکرابوو، بەرھەمھێناوە و دوو هەزار و 105 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی خەزنکراوی هەیە.

 

هـ.ر.