هه‌ی له‌م هه‌را و هۆسه‌یه
له كوردستان، به سێ ئه‌مپێر كاره‌بای مۆلیده، هه‌موو كێشه‌كانی ژیانی ماڵه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵام كه كاره‌بای ده‌وڵه‌تی دێته‌وه، هه‌ر ماڵێك مێگاواتێك به‌شی ناكات. به پێی ئاماری نیمچه فه‌رمی (كه له ڕاستییه‌وه نزیكه)، له كوردستان زیاتر له نۆسه‌دهه‌زار ته‌والێتی فه‌ڕمی و ڕه‌نگه ملیۆنێكی نافه‌ڕمیش هه‌بێت، ئه‌مه‌ش واته له كوردستان نۆسه‌دهه‌زار گڵۆپ به‌لای نۆسه‌د هه‌زار مه‌سینه‌وه به‌رده‌وام ئیش ده‌كات و كه‌س نایكوژێنێته‌وه، كه‌چی هه‌موویشی ناڕازییه كه كاره‌بای به‌رده‌وامی نییه!
له كوردستان، به ده‌رگا و حه‌وشه و سه‌ربان و بن بانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پاسپۆرته‌وه، مرۆڤی تووڕه و به په‌له ده‌بینیت، هۆسه و هه‌رایه‌كیان ناوه‌ته‌وه بۆ پاسپۆرت، مه‌گه‌ر خوا پێی ڕێكبخرێت. هه‌مووی ده‌یه‌وێت به په‌له پاسپۆرتی هه‌بێت، كه‌چی كه پاسپۆرته‌كه‌یان ته‌واو ده‌بێت، ناچن بیبه‌نه‌وه!
به‌رده‌وام به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كانی پاسپۆرت داوا و تكا و ڕجا له‌و خه‌ڵكه ده‌كه‌ن بێن پاسپۆرته‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه و نایه‌ن. هه‌ر ئێستا ده‌یان هه‌زار پاسپۆرت له به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كاندا تۆزی لێ نیشتووه. پاسپۆرتی تیایه هێشتا نه‌براوه‌ته‌وه به‌سه‌رچووه! میلله‌تێك كه هیچ سه‌فه‌رێكی له پێش نییه، پاسپۆرتی بۆچییه؟
له كوردستان، به گه‌راج و سیاج و تاراجی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی هاتووچۆوه، سه‌دان و هه‌زاران مرۆڤی به په‌له و تووڕه ده‌بینیت، هۆسه و هه‌رایه‌تی بۆ ده‌رهێنانی مۆڵه‌تی لێخوڕین، كه‌چی كه ته‌واو ده‌بێت، ناچێت وه‌ری بگرێته‌وه!
له كوردستان، زیاتر له دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل هه‌یه، واته به پێی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێمه‌كه، هه‌ر سێ كه‌س ئۆتۆمبێلێكیان به‌رده‌كه‌وێت كه هه‌ر ئۆتۆمبێلێك چوار كه‌س به‌ره و ژوورتر ده‌گرێت، كه‌چی به‌رده‌وام كێشه‌ی گواستنه‌وه و هاتوچۆ هه‌یه!
له كوردستان، ده‌یان و سه‌دان و ڕه‌نگه هه‌زارانیش، مرۆڤی تووڕه و ناڕازی ده‌بینیت، نه‌وه‌دونۆ واسیته ده‌كات تا له فه‌رمانگه‌یه‌كی ده‌وڵه‌تیدا دابمه‌زرێنرێت، كه‌چی كه داده‌مه‌زرێنرێت، ده‌یكات به مۆڵه‌تی بێ مووچه و ده‌چێت بۆ سه‌فه‌ر و كاری تر، چونكه پێی وایه: دامه‌زراندن بۆ موسته‌قبه‌ل باشه و ده‌بێت جێگه‌كه حیجز بكات بۆ هه‌ر كاتێك كه تاقه‌تی هه‌بوو بیكات!
له كوردستان، سوپاسی هه‌ر كه‌سێك ده‌كرێت كه جنێو نادات و ده‌می پیس نییه. په‌سنی كه‌سێكیان بۆ ده‌دام كه زۆر كوڕی چاك و جوان و عه‌زیم و موهیمه، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به قه‌ولی ئه‌و، كه ده‌نووسێت جنێو نادات. یانی ئه‌مه‌ش بوو به خاڵی به‌هێزی كه‌سێك! نووسه‌رێك بۆیه نووسه‌ری چاكه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌می پیس نییه و جنێوی نه‌داوه! ڕۆژنامه‌نووسێك بۆیه سه‌رنجڕاكێشه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌می پیس نییه! جا تۆ ببینه: هیچ كه‌سێك له به‌ر ئه‌وه باش نییه كه تێز و تیۆره و هاوكێشه‌یه‌كی گرنگی بۆ مرۆڤایه‌تی داهێناوه، باشه‌كان ئه‌وه‌ن كه جنێو ناده‌ن، خراپه‌كانیش ئه‌وه‌ن كه جنێو ده‌ده‌ن.
له كوردستان، كه‌سی باش، نابێت له ده‌سه‌ڵاته‌وه نزیك بێت، كه‌سی جوان و شاره‌زا نابێت له ده‌سه‌ڵاته‌وه نزیك بێت، كه‌سی ژیر و خوێنده‌وار و شتزان، نابێت بچێته ده‌سه‌ڵاته‌وه یان لێی نزیك بێت. كه‌چی هه‌موویشیان لۆمه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن و جنێو ئه‌ده‌ن ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات خراپ بێت!
له كوردستان، له هه‌ر گۆشه‌یه‌كه‌وه سیستمی سیاسی و ئیداره و ده‌وڵه‌ت بكوتیت، به نووسه‌ری باش داده‌نرێیت، به شۆڕشگێڕی چاك ناوت ده‌ڕوات. به‌هه‌رحاڵ، بڕۆ پاسپۆرته‌كه‌ت وه‌ربگره‌وه كه ئه‌و ڕۆژه له سه‌ره‌كه‌دا پاڵت به حه‌فتا كه‌سه‌وه ده‌نا و له‌گه‌ڵ نۆزده كه‌سیش كردت به شه‌ڕ و فه‌رته‌نه!