ئەحمەد داود ئۆغلو: ئەردۆغان و خانەوادەكەی گەورەترین بەڵان بەسەر توركیادا ھاتوون

كودەتای 1997ھێشتا بەردەوامە

K24 – ھەولێر:

ئەحمەد داود ئۆغلو، سەرۆكی "پارتی ئایندە" لە توركیا رایگەیاند، سەرۆكی ئێستای وڵات، رەجەب تەیب ئەردۆغان و خانەوادەكەی "بەڵایەكن و بەسەر گەلەكەمان داھاتوون"، ئەم گوتانەی ئۆغلو رۆژنامەی "زەمان"ی توركیایی بەرھەڵستكار گوستوویەتەوە.

داود ئۆغلو، كە پێشتر یەكێك بوو لە كەسە ھەرە نزیكەكانی ئەردۆغان، كاتێك پۆستی وەزیری دەره‌وە و دواتر پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت پێش ئەوەی دەستله‌كاركێشانەوەی خۆی لەو پۆستە رابگەیەنێت،  گوتی: ھەوڵەكانی ئەردۆغان بۆ مانەوە لە دەستەڵاتدا، وایكردووە، دوودڵ نەبێت لە ئەنجامدانی گرێبەستە سیاسییە ناسرووشتییه‌كانی لەگەڵ حزبێكی نەتەوەی و یەكێكی دیكەی چەپڕەو، كە یەكێكیان "بزووتنەوەی نەتەوەییە" بە سەركردایەتی دەوڵەت باخچەلی و دووەمیشیان "حزبی وڵات"ە بە سەركردایەتی دوغو برینجك.

داود ئۆغلو لە كۆنگرەی حزبەكەی لە شاری مێرسین لە باشووری توركیا روونیكردەوە، تەنانەت ئەردۆغان ھاوپەیمانی لەگەڵ كودەتاچییەكانی كۆتایی ساڵەكانی نەوەدەكانی سەدەی رابردووشی كردووە و تۆمەتباریشیكرد بە ئاستەنگ درووستكردن لەبەردەم ئەودا و گوتی: "ئەردۆغان لە بەرامبەر ھەندێك ھێمای كۆنی توركیا، دەستبەرداری ئەو ھاوڕێیانەی خۆی بوو، كە لەگەڵیدا خەباتیان كرد و تێكۆشانیان كرد و ھەوڵ دەدات ئاستەنگ بۆ ئێمەش درووست بكات. باخچه‌لی، كە یەكێكە لە بەشداربووانی كودەتای 1997، ئەردۆغان خستوویه‌تییه‌ دەستەڕاستی خۆی و لە لای چەپیشدا برینجیكی دژ بە بانگ و باڵاپۆشی داناوە و گوتی: كودەتای 1997 ھێشتا بەردەوامە.

لە وه‌ڵامدانەوەی داواكەی ئەم دواییەی ئەردۆغان بۆ ئارامگرتن لە سەر ئەو رەوشەی نالەبارەی تێیدا تێپەڕ دەبن، داود ئۆغلو گوتی: گەل ئارام دەگرن، بەڵام لەسەر كام بەڵا ئارام دەگرن؟ كێن ئەوانەی ھۆكار ئەم بەڵایەنە؟ ئەگەر مەبەستی ئارامگرتن بێت لە سەر ھەژاری، بێكاری، ھەڵاوسان، گەندەڵی و زۆرداری، باشە، ئایا كێ ھۆكاری ئەم ھەمووە بووە؟ ئێوە خۆتان بەڵایەكەن، گەورەترین بەڵا بەسەر ئەم گەلەدا ھاتووە ئەو سیستەمەیە، كە وڵاتی كردووەتە كۆمپانیایەكی خانەوادەیی كارەساتبار.

سەرچاوە: رۆژنامەی "زەمان"ی توركی