"ئه‌مه‌ریكا مانه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال ره‌ت ده‌كاته‌وه‌"

چاودێران هۆشداری ده‌ده‌نه‌ په‌كه‌كه‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

چاودێرانی سیاسی جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ‌ نابێت په‌كه‌كه رێگر بێت لە رێکەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخی شنگال، چونکە جێبەجێکردنی ئەو رێکەوتنە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی سه‌دان هه‌زار ئاوارە و ئاوەدانکردنەوەی شنگال. چاودێریکی سیاسیش دەڵێت: بوونی پەكه‌کە نادەستورییەوە ئەمەریکاش مانەوەی پەکەکە لە شنگال رەت دەکاتەوە.

له‌كاتێكدا یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، گەڕانەوەی زیاتر لە 300 هەزار ئاوارەیە، بەڵام تا هێزە چەکدارەکانی پەکەکە و ئەوانەشی نزیك لە پەکەکەن لە شنگال بمێننەوە، ئەو ئاوارانە ناگەڕێنەوە، چونکە ترسیان لە کوشتن و رفاندن زیاتر و تێکچوونی دۆخی ئەمنی ناوچەكانیان هەیە. له‌مباره‌شه‌وه‌ مه‌دحه‌ت سلێمان، چاودێری سیاسی دەڵێت: تا پەکەکە لەوێ بێت، ئێزدیەکان ناگەڕێنەوە، بۆیە گرنگترین دەستکەوتی رێکەوتنەکە گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانه‌ بۆ سه‌ر زێدی خۆیان.

بەشێك لە رێکەوتنەکە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، دەرکردنی ئەو هێزانەیە كه‌ لە دەرەوەی دەستووری عێراق لە شنگالن و بوونەتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکە، به‌رده‌وامیش ده‌گوترێت: پەکەکە و هێزە چەکدارەکانی نزیك لەو هۆکارێکی سەرەکی ئەو ناسەقامگیریەن، سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ش شێرزاد مامه‌، چاودێری سیاسی دەڵێت: بوونی پەکەکە نادەستورییە و ئەمەریکاش ئەو لە شنگال رەت دەکاتەوە، بۆیە دەبێت پەکەکە لە شنگال بچێتە دەرەوە.

لە دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆکتۆبەر، هاوشانی حەشدی شەعبی پەکەکەش بەچەند گروپێکی چەکداری لە شنگال جێگربوون، ئەمەش بووەتە هۆی ناسەقامگیری و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، ئەو رێکەوتنەی هەولێر و بەغدا دۆخی شنگال ئاسایی دەکاتەوە، بە گوێرەی رێكەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، دەبێت پەكەكە و ھێزە چەكدارەكانی دیكە شنگال جێبھێڵن، بۆ ئەوەی زیاتر لە 300 ھەزار ئاوارەی شنگال بتوانن جارێكی دیكە بگەڕێنەوە سه‌ر زێدی خۆیان.

H.B