عوسمان ئۆجه‌لان: په‌كه‌كه به‌ره‌و له‌ناوچوونه
K24 – هه‌ولێر:
كه‌سایه‌تی سیاسه‌تمه‌داری باكووری كوردستان، "عوسمان ئۆجه‌لان"، رایگه‌یاند، "پێویسته بێ هیچ مه‌رجێك په‌كه‌كه شه‌ڕ رابگرێت و له شه‌ڕدا زیانی پتر ده‌كات و ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت رووی له له‌ناوچوونه".
له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24"، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (11ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2020)، كاتژمێر (20:00) به كاتی هه‌ولێری پایته‌خت، "عوسمان ئۆجه‌لان" له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی بێژه‌ری "كوردستان24"، له باره‌ی رێككه‌وتنی (9ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2020)ـی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له باره‌ی شنگاله‌وه گوتی: "په‌كه‌كه ئه‌و رێككه‌وتنه په‌سند ناكات. په‌كه‌كه دژی هه‌ر جۆره یاسا و رێككه‌وتنێك ده‌وه‌ستێته‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ودا نه‌بێت. په‌كه‌كه زیانی گه‌وره به خه‌ڵكی ناوچه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت".
گوتیشی: "هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌كه په‌كه‌كه‌یه. ئه‌و نایه‌وێت ئاشتی هه‌بێت و له‌گه‌ڵ رێككه‌وتن و قانوون‌دا هه‌ڵناكات، ئه‌وان قانوونێكیان بۆ خۆیان داناوه و به دوای كێشه‌دا ده‌گه‌ڕێن و تا په‌كه‌كه مابێت كێشه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن".
روونیشیكرده‌وه، "ئه‌و رێككه‌وتنه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا واژوو كراوه، پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی لێده‌كرێت، به‌ڵام ته‌نیا په‌كه‌كه‌یه دژی وه‌ستاوه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ش به‌رده‌وام بێت، خۆی زیانی گه‌وره ده‌بینێت و ناتوانێت رێگری له جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه بكات".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ی باكووری كوردستان، گوتی: "پێویسته په‌كه‌كه شه‌ڕ رابگرێت. شه‌ڕ هیچ ئه‌نجامێك نادات به ده‌سته‌وه. په‌كه‌كه خۆی زه‌ره‌ر ده‌كات. شه‌ڕ به‌رده‌وام بێت بێ مانایه. په‌كه‌كه به‌ره‌و له‌ناوچوونه. په‌كه‌كه زیانی گه‌وره‌ی به‌رده‌كه‌وێت. لازمه بێ چه‌ندووچوون په‌كه‌كه شه‌ڕ رابگرێت".
رۆژی هه‌ینی رابردوو (9ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2020)، به چاودێری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، "مسته‌فا كازمی"، شاندێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ناوخۆ، "رێبه‌ر ئه‌حمه‌د" و شاندێكی حكومه‌تی عێراق، رێككه‌وتنی "ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشی شنگال"یان واژووكرد.
به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه، هێزێكی خۆجێیی پێكهاتوو له (2500) كه‌سی ئێزدی خه‌ڵكی ناوچه‌كه پێكده‌هێنرێت و سه‌رجه‌م گرووپ و هێزه چه‌كدارییه‌كانی دیكه له ناوه‌ندی شنگال به دووری پێنج كیلۆمه‌تر دوورده‌خرێنه‌وه و ئاسایشی ناوخۆ راده‌ستی پۆلیسی خۆجێیی ده‌كرێت. هه‌روه‌ها كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و بنیاتنانه‌وه‌ی شنگال ده‌كرێت و ئیداره‌یه‌كی نوێ پێكده‌هێنرێت.
ئه‌و رێككه‌وتنه له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ژماره‌یه‌ك وڵاته‌وه پێشوازی لێكراوه. به‌ڵام گرووپ و هێزه‌كانی سه‌ر به پارتی كرێكارانی كوردستان رێككه‌وتنه‌كه ره‌تده‌كه‌نه‌وه و پێیان وایه هیچ پرسێك به‌وان نه‌كراوه و ئه‌و رێككه‌وتنه به زیان بۆ ئه‌وان ته‌واو ده‌بێت.