کەشتییەکی تورکی ناکۆکی دەخاتەوە نێوان ئەو وڵاتە و یۆنان

وەزارەتی دەرەوەی یۆنان: ئەمە هەڕەشەیە بۆ ئەمن و ئاسایشی هەرێمەکە


K24 - هەولێر

کەشتییەکی تورکیی تایبەت بە پشکنین لەلایەن ئەو وڵاتەوە نێردرایەوە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، هەرچەندە ئەو هەنگاوە پێشتر ناکۆکیی زۆری لەنێوان تورکیا و یۆنان دروستکردبوو، بەهۆی سامانە سرووشتییەکانی ئەو ناوچەیە.

وەزارەتی دەرەوەی یۆنان ئەمڕۆ (دووشەممە، 12-10-2020) ئیدانەی هەنگاوەکەی تورکیای کرد.

ئەو هەنگاوەش لەکاتێکدایە ئەسینا و ئەنقەرە لە هەوڵدان بەروارێک بۆ گفتوگۆ دیاریبکەن بۆ ئەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات، کە هەردووکیان ئەندامی ناتۆن نەهێڵن.

رۆژی یەکشەممە، هێزی دەریاوانیی تورکیا لە پەیامێکدا بۆ سیستەمی ئاگادارکردنەوەی دەریایی (نافتیکس) رایگەیاند، لە دووشەممەوە کەشتیی ئۆروج ریس لە ناوچەکە چالاکی دەبێت، لەنێو ئەو ناوچانەش کە بۆی دەچێت، باشووری دوورگەی کاستیلۆریزی یۆنانییە.

لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی یۆنان دەڵێ، ئەو هەنگاوە "هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ ئەمن و ئاسایشی هەرێمەکە". هەروەها گوتی "تورکیا جێگەی متمانە نییە... راستگۆش نییە لە ویستی بۆ گفتوگۆکردن".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا وەزارەتی دەرەوەی یۆنان دەڵێ "ئەنقەرە گەورەترین هۆکاری ناجێگیرییە لە ناوچەکە هەر لە لیبیاوە بۆ ناوچەی دەریای ئیجە، قوبرس، سووریا، عێراق و ئێستاش ناگۆرنی و قەرەباغ".

هەریەک لە تورکیا و یۆنان لە ناکۆکییەکی قوڵدا بوون لەبارەی پشکنین بەدوای گازی سرووشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە مانگی ئابدا، هەردوو وڵاتیش مانۆڕی ئاسمانی و دەریاییان لەو ئاوە ستریاتیژییە ئەنجامدا کە دەکەوێتە نێوان قوبرس و دوورگەی کریتی یۆنان.

 

هـ.ر.