سلێمانی.. سێ ئه‌ندامی خێزانێك له‌ 9 رۆژدا به‌ كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستدا

نزا بۆ دایك و باوك و براكه‌ی ده‌كات
kurdistan24.net

K24 – سلێمانی:

نه‌وا حاجی له‌تیف، به‌رده‌وام سه‌ردانی ئه‌و گۆڕستانه‌ ده‌كات، كه‌ كه‌متر له‌ 9 رۆژ ته‌رمی هه‌ریه‌ك له‌ باوك و دایك و براگه‌وره‌كه‌ی تێیدا به‌خاكسپێردراوه‌ و ئه‌و ده‌ڵێت: حه‌سره‌تی مه‌رگی دایك و باوك و براكه‌م ئه‌و كاته‌ سه‌ختتر ده‌بێت، كه‌ هیچ كامیان به‌ هه‌واڵی مه‌رگی پێش خۆیانیان نه‌زانی.

حاجی له‌تیف، له‌ گوندێی "زێوێ"ی نزیك له‌ سلێمانی ژیاوه‌. به‌ هۆی هاموشۆی بۆ سلێمانی تووشی كۆرۆنا بوو. هاوسه‌ره‌كه‌شی لێیه‌وه‌ تووش ده‌بێت. كوڕه‌ گه‌وره‌ی ئه‌و دایك و باوكه‌ دوای ئه‌وه‌ی بیست ساڵ له‌ ده‌ره‌وه‌ ژیابوو، بۆ سه‌ردان گه‌ڕابویه‌وه‌ لای دایك و باوكی و بڕیاری دابوو، خزمه‌تی باوكی بكات، ئه‌و كاته‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ بووه‌ و ئه‌ویش له‌ باوكییه‌وه‌ تووشی په‌تاكه‌ ده‌بێت.

نه‌وا له‌سه‌ر گۆڕی ئازیزه‌كانی خه‌مێكی قووڵی هه‌ڵگرتووه‌ و به‌ دیار گوێگرتن له‌ ده‌نگی "قورئانی پیرۆز" نزا بۆ ئازیزه‌ كۆچكردووه‌كانی ده‌كرد و بۆ كوردستان24 باسی له‌و كۆسته‌ كرد، كه‌ به‌ر خێزانه‌كه‌یان كه‌وتووه‌ و گوتی: هیوادارم هه‌موو لایه‌ك خۆیان بپارێزن و چیرۆكی ئێمه‌ له‌ هیچ ماڵێك دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

ئه‌و به‌ نیگه‌رانییه‌كی قووڵه‌وه‌ باسی له‌وه‌شكرد، كاتێك باوكی كۆچی دواییكردووه‌، دایكی له‌ ژێر چاره‌سه‌ر بووه‌ و نه‌یزانیوه‌ كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی كۆچی دواییكردووه‌، بۆیه‌ هه‌ر داوای ئه‌وی ده‌كرد. هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ی براكه‌یان تووشی په‌تاكه‌ ده‌بێت، نه‌یزانیبوو، دایك و باوكی به‌ كۆرۆنا كۆچی دواییان كردووه‌ و خه‌می ته‌ندرووستی ئه‌وانی بووه‌.