كۆشكی سپی داوای پاكێجێكی ھاوكاری 1.8 ملیار دۆلاری دەكات

كۆشكی سپی داوا دەكات بەر لە ھەڵبژاردنەكان پاكێجەكە پەسەند بكرێت

K24 – ھەولێر:

كۆشكی سپی ئەمریكا لە ھەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دابینكردنی بڕی 1.8 ترلیۆن دۆلار بۆ بەھەناوەچوونی كۆمپانیاكان لە مایەپووچبوون، بۆ ئەم مەبەستەش جاریكی دیكە داوا لە كۆنگرێس دەكات، بڕیار لەسەر پاكێجی ھاوكاری دارایی بدات.

ئەم داواكارییەی كۆشكی سپی  لەكاتێكدایە پێشتر پارتی دیموكراتەكانی ئەمریكا داواكاری كۆمارییەكان و دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكایان لەبارەی بڕی ھاوكارییەكە كە 1.8 ترلیۆن دۆلار رەتكردبووە.

ستیڤن منوچن، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا و مارك میدۆز گەورە كارمەندی كۆشكی سپی، نامەیەکیان ئاراستەی كۆنگرێس كردووە و داوایانكردووە ئەو 130 ملیار دۆلارەی پێشتر بۆ پاڵپشتی ئابووری تەرخانكرابوو خەرجنەكراوە، ئێستا بیخەنە سەر پاكێجە نوێیەكە.

لەنامەكەدا ھاتووە، ئێستا كاتی ئەوەیە كۆك ببن لەسەر خێرا پەسەندكردنی پاكێجە داراییەكە و گەیاندنی ھاوكاری دارایی بۆ كرێكاران و پارێزگاری لە كرێچییەكان، داواش دەكات پێویستە دیموكراتەكان بەر ھەڵبژاردن پاكێجەكە قبوڵ بكەن، ئەمە لەكاتێكدا جۆ بایدن كاندنی دیموكراتەكان ركابەری دۆناڵد ترەمپە.

نانسی پیلوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، جەختی لەسەر رێككەوتنەكە كردووە و داوایكردووە پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی بڕیاری ھاوكارییە داراییەكە. ھەروەھا پێیشیوایە بڕی پارەكە ھێشتا كەمە بۆ ئەو زیانانەی بەر كۆمپانیا و ھاووڵاتیان كەوتووە.

لەبارەی پێشنیازەكەی كۆشكی سپی و دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ دابینكردنی 1.8 ترلیۆن دۆلارەكە، لاری كۆدلۆ، راوێژكاری ئابووری كۆشكی سپی پێیوایە، پێشنیازەكە شكست ناھێنێت، چونكە بڕی پارەكە زیاتر بۆ ئەو كەرتانەیە، كە لەئەنجامی كۆڤید19 زیانێكی زۆریان بەركەوتووە.  پارەكە  بۆ كەرتی فڕۆكەوانی و كۆمپانیای بچووك و مامناوندییەكان تەرخان دەكرێت و زیاتریش بۆ پاڵپشتی ئابووری ئەمریكاییە. لەكاتێكدا لێكەوتەكانی كۆرۆنا زیاتر لە 11 ملیۆن كەسی بێكاركردووە و زیاتر لە 25  ملیۆن كەسیش پشتیان بە ھاوكارییەكانی حكوومەت بەستووە.

تائێستا مشتومڕ لەنێوان كۆمارییەكان و دیموكراتەكان لەبارەی دابینكردنی ترلیۆنێک و 800 ملیار دۆلار ھاوكاری پاڵپشتی دارایی بەردەوامە و بابەتەكەش بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە.