بەهۆی قەیرانی ئابووری دانیشتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێنەوە گوندەکان

لە شەش مانگدا 100 هەزار هاووڵاتی لە شارەوە گەڕاونەتەوە لادێ
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

بەھۆی قەیرانی ئابووری بەشێك لە خەڵكی رۆژھەڵات روو لە گوندەكان دەكەنەوە. بەپێی دوایین ئامار لە 6  مانگدا نزیكەی سەد ھەزار ھاووڵاتی لە شارەوە روویان لەگوندەكان كردووەتەوە. ئەوان دەڵێن: لەشار گرانی ھەیە و كار كەمە؛ ھەربۆیە روویان لەگوندەكان كردووەتەوە.

قەیرانی ئابووری لە رۆژھەڵاتی كوردستان كۆچی پێچەوانەی لە شارەوە بۆ گوندەكان بەدوای خۆیدا ھێناوە، ئێستا گوندەكان لەھەموو كات قەرەباڵغترن. تێچووی زۆری ژیان لە شارەكان و نەبوونی كار وایكردووە، كە لە یەك ساڵی رابردوودا خەڵكێكی زۆر روو لە گوندەكان بكەنەوە.

لەھەر پێنج پارێزگای رۆژھەڵاتی كوردستان لە شەش مانگدا زیاتر لە سەد ھەزار كەس جارێكی دیكە روویان لە گوندەكانی خۆیان كردووە، ھەندێك دەستیان بە كشتوكاڵ كردووەتەوە و ھەندێكیش كرێكاری گوندەكانیان پێ لەھی شار باشترە. خۆیان دەڵێن: نرخی شتومەك و خۆراكی زۆر ئاسایی و سەرەكی بەڕادەیەك بەرزبووەتەوە كە ناچاری كردوون بێنەوە گوند و ھەوڵ بۆ بەرھەمھێنانی خۆراكی خۆماڵی بدەنەوە.

بەھای دۆلار لەبەرامبەر تومەن بەڕادەیەك بەرزبووەتەوە، بازارەكانی تەواو شێواندووە. رێژەی ھەڵاوسان و بێكاری و گرانی ھێندە زۆر بووە، بۆ چینی مامناوەند و ژێر مامناوەند گەڕانەوە بۆ گوندەكان یەكێك لە بژاردە سەرەكییەكانیانەو ماوەی ساڵێكیشە كۆچی پێچەوانە لە شارەكانەوە بۆ گوندەكان دەستی پێكردووە.