فەرەنسا: دەبێت توركیا واز لە ھەر ھەراسانكردنێكی نوێ لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست بهێنێت

ئەنجوومەنی ئەوروپا بە روونی داوای لە توركیا كرد واز لە رێكاره‌ تاكلایەنه‌كانی بھێنێت

K24 – ھەولێر:

فەرەنسا نیگەرانی خۆی لە ناردنی كەشتی عروج رەئیس" بۆ كنە و پشكنین لە رۆژھەڵاتی دەریایی سپیی ناوەڕاست دەربڕی، كە بەشێكە لە به‌رئاوه‌كانی یۆنان و داوای لە دەسەڵاتدارانی توركیا كرد، واز لە ھەراسانكردن بهێنێیت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، ئەنیێس فۆن دێر مول لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ھەست بەنیگەرانی دەكەین لەو ھەواڵەی باس لە ناردنی كەشتی عروج رەئیسی كنە و پشكنین ده‌كرێت لە لایەن توركیاوە بۆ ئەو ناوچەیەی راستەوخۆ دەكەوێتە نزیك ھەردوو دوورگەی كاستیلۆریزۆ و رۆدسی یۆنانی".

فۆن دێر مول گوتیشی: چاومان لەوەیە توركیا پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ بكات و رێگری لە ھەراسانكردنی نوێ بكات و بەڵگەی ورد لە سەر ئامادەباشیی بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەسەر بنەمای نیازپاكی بخاتە روو".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بەبیری ھێنایەوە، "ئەنجوومەنی ئەوروپا لە یەكێ تشرینی یەكەم بە روونی داوای لە توركیا كرد، واز لە رێكارە تاكلایەنه‌كانی بھێنێت، كە ھاودژن لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا و یاسا نێودەوڵەتییه‌كان و مافەكانی سەروەری دەوڵەتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپادا پێشێل دەكات".

كەشتی "عروج رەئیس"ی كنە و پشكنینی توركیا بەیانی دووشەمە، بەندەری ئەنتالیای جێھێشت و بەرەو ئەنجامدانی ئەركەكانی رۆیشت لە رۆژھەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست لە 12 تا 22 ئەم مانگەوە لە كارەكانی بەردەوام دەبێت.

لە 13 ئەیلوولەوە ئەو كەشتییە لە بەندەری ئەنتالیا له‌نگه‌ری گرتووه‌ بۆ كاری چاكردنەوە، دوای ئەوەی لە چەند چالاكییەكی رووپێوی سیزیمی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست ئەنجامدا.