رووسیا بەردەوامە لە ھەوڵەكانی بۆ گەیشتن بە سێ گۆشەی سنووری نێوان سووریا، عێراق و توركیا

كوردانی ئەو ناوچەیە رووسیا تۆمەتباردەكەن بەدەستێكەڵكردن لە توركیا

K24 – ھەولێر:

ئەم ساڵ، ھەوڵەكانی رووسیا بۆ گەیشتن بە سێگۆشەی سنووری نێوان سووریا، توركیا و عێراق بەردەوام بووە و تاكو ئێستا ھەموو ئەو ھەوڵانە شكستیان ھێناوە بەھۆی رەتكردنەوەی خەڵك و بەھۆی ئەو ئاستەنگانەی ئەمەریكا بۆیان درووست دەكات لە ناوچەكەدا.

دوینێ یەكشەممە، دیسان كاروانێكی سەربازی رووسیا، كە پێكھاتبوو لە 11 زرێپۆش و دوو فڕۆكەی بچووك، دوای چەند كاتژمێرێك لە گوندی عەین دیوار مانەوە، ناچاركران لە ژێر فشاری خەڵكی گوند پاشەكشە بكات. ھەرچەند ھێزەكە بەو دوو فڕۆكەوە ھەوڵیدا ئەو خەڵكە بترسێنێ، كە رێگریان لەو ھێزە دەكرد لەو ناوچەیە نیشتەجێبن.

بەپێی قسەی ھاووڵاتیان ھێزەكان بە خەڵكەكەی راگەیاندبوو دەیانەوێ راھێنان بەھێزە سنوورییەكانی رژێمی سووریا بكەن، بەڵام خەڵكەكە ناچاریكردن بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی لێیھاتبوون لە شاری قامشلۆ.

لێكۆڵەری سیاسی، ئیبراھیم موسلم بە پێگەی "العربي الجدید" راگەیاندووە، "رووسییەكان دەیانەوێت ئامانجەكانی رژێم لە گەیشتن بە سنووری عێراق جێبەجێبكات". ھەروەھا ئاماژەیكرد، ئەوان ھەوڵدەدەن ھێزەكانی سووریای دیموكرات(ھەسەدە) ھەراسان بكەن، بە ئاماژەدان بەوەی لە رۆژھەڵاتی فورات دەكشێنەوە، بەو واتەیەی رێگا بەدەستوەردانێكی نوێی توركیا لە ناوچەكە دەدەن".

ئاشكراشیكرد سەردانەكەی نوێنەری تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، جەیمس جیفری بۆ پارێزگای حەسەكە "نامە و پەیامێكی روون بوو بۆ ھەر یەك لە رووسیا و توركیا، كە ئەو سنوورەی بۆیان دانراوە نەبەزێنن". گوتیشی: "ناوچەكە لە رووی سامانی نەوتی و كشتوكاڵی دەوڵەمەندە بۆ ھەموویان دەیانەوێت لەو ناوچەیە خاوەن بڕیار بن".

ھەر لەو چورچێوەیەدا، ھێزەكانی ئاساییشی ناوچەكە رێگرییان لە كاروانە رووسییەكە كرد بەرێگای (دێرك)دا بگەڕێتەوە  بۆ قامشلی دوای ئەوەی لە عەین دیوار "دەركرا".

كوردانی ئەو ناوچەیە رووسیا تۆمەتباردەكەن بەدەستتێكەڵكردن لەگه‌ڵ توركیا و بۆیەش گوند و شارۆچكەكان ئەو ناوچە سنوورییە ھەر ھەبوونێكی رووسی لە ناوچەكەیان رەتدەكەنەوە.

ئەمە جاری یەكەم نییە رووسیا ھەوڵدەدات لەو سێگۆشەیەی نێوان ھەرسێ وڵاتدا ھێزەكانی خۆی نیشتەجێ بكات؛ بەڵام ھەموو جارێ لە لایەن خەڵكی ناوچەكەوە رێگرییان لێدەكرێت، جگە لەمەش وا دیارە "ڤیتۆ"یەكی ئەمەریكاییش ھەیە رێگەی لە گەیشتنی رووسیا دەدات بۆ ئەو سێگۆشەیەی سنوور. بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەكانی ناوچەكە، دوێنی یەكشەممە، ھەلیكۆپتەرە ئەمەریكاییەكان لە ئاسمانی شارۆچكەی رەمێلان و شاروچكەی مەعبەدە كەوتنە راوەدونانی فڕۆكەكە ھەلیكۆپتەرەكانی رووسیا بەبێ ئەوەی شەڕ لەنێوانیاندا درووست ببێت.

گوندی عەین دیوار دەكەوێتە سەر لێواری رووباری دیجلە لە باكووری رۆژھەڵاتی سووریا و دەكەوێتە باكووری رۆژھەڵاتی شاری حەسەكە بەدووری 220 كیلۆمەتر. 110 كیلۆمەتریش لە شاری قامشلۆوە دوورە و سەر بە ناحییەی دێركە و 17 كیلۆمەتر لێی دوورە، نزیك لە گوندی عەین دیوار دەروازەی سێمالكا ھەیە، كە رۆژئاوای كوردستان بە ھەرێمی كوردستان دەبەستێتەوە و ھێزەكانی ئاسایشی كوردیی لێیە رێگا بە ھیچ ھەبوونێكی رژێم و رووسیا نادات لەو ناوچەیە.

ململانێ لە نێوان رووسیا و ئەمەریكا لە سەر پارێزگەی حەسەكەی دەوڵەمەند بە سامانە سرووشتییەكان لە ساڵی رابردووە زیادیكردووە. ئەمەریكا دەستی گرتووه‌ به‌ سەر ناوچە دەوڵەمەندەكانی پارێزگای حەسەكە بە تایبەتی گوندەكانی رۆژھەڵات، كە كێڵگەو و بیر نەوتییەكانی رمێلانی لێیە و گوندەكانی باشوور كە غاز لە ناوچەی شەدادییە ھەیە.