تهعریب و عهرهبی هاورده له یهخهی كورد نابنهوه
K24 - پەڵكانە
عەرەبە ھاوردەکان بە پشتبەستن بە نووسراوێکی پێشووی راکان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك و سەعد حەربیە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی کەرکووک، بەنیازبوون جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر زەوی و زاری جووتیارانی کورد لە گوندی پەڵکانە، بەڵام جووتیارانی کورد پێش ھاتنی عەرەبەکان چوونە سەر زەوییەکان و رێگرییان کرد و نەیاھێشت نزیک ببنەوە، بە یەكگرتوویی جووتیاران توانرا پلانی عەرەبە ھاوردەکان شکست پێ بھێنن.
مام کەریم، خەڵکی پەڵکانەیە و خاوەن ئەو زەویەیە کە عەرەبە ھاوردەکان بەنیازن داگیری بکەن، بەڵگەنامەی خاوەندارێتی زەوییەکەی ھەیە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت نەبوونی یاسا وایکردووە خاوەن ماف پشتگوێ بخرێت. ئەو بە كوردستان24ی گوت: "باوكم لە دایكبووی ساڵی 1927ی گوندی پەڵكانەیە، خۆشم ھەر لە پەڵكانە لە دایكبووم، ھەموو بەڵگەنامەكانمان ھەیە باوك و باپیرانی ئێمە ھەموویان لە پەڵكانە دایكبوون و ژیاون، ئێستا عەرەبە ھاوردەكان دەیانەوێت بە زۆر زەویم لێ بستێنن".
گوتیشی: "یاسا نییە لە عێراق، ئەگەرنا چۆن كەسێكی دیكە ھەوڵ دەدات زەوی من داگیر بكات، بەپێی بەڵگەنامەكان زیاتر لە 200 ساڵە كورد لەم گوندە دەژیت".
دوێنێ دووشەممە 12/10/2020 جارێكی دیكە عەرەبە ھاوردەكان ویستیان بێنە گوندی پەڵكانە و بە زۆر بەشێك لە زەوییەكانیان داگیر بكەن، بەڵام پێش ھاتنی ئەوان، خەڵكی گوندی پەڵكانە كۆبوونەوە و رێگریان لە ھەوڵەكە كرد.
جووتیارێكی گوندەكە دەڵێ: "ئەوان پارێزگارێك بە نووسراوی ساختە پشتگیریان دەكات، ئێمەش خاوەنی دەیان بەڵگەی فەرمین كە زەوییەكان ھی خۆمانن".
یەكێكی دیكە لە دانیشتووانی گوندی پەڵكانە ئاماژەی بەوەدا، كە بەشێك لە زەوی و خانووەكانیان داگیر كراون، داوا دەكەن بەرپرسانی كورد و عێراق كار بكەن بۆ ئەوەی مافەكانی بۆ بگێڕنەوە.