وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق سێ بابەت تاوتوێ دەكەن

شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە بەرەو بەغدا بەڕێكەوتن

K24 – ھەولێر

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 13/10/2020، شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە بەرەو بەغدا بەڕێكەوت، بڕیارە سێ بابەتی سەرەكی لەگەڵ شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق تاوتوێ بكەن.

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بە كوردستان24ی راگەیاند: "شاندەكە لیژنەی باڵای ئەمنی ھەماھەنگی وەزارەتی پێشمەرگەیە كە دوو ساڵە دامەزراوە، كۆبوونەوەی دەوریمان ھەیە جارێك لە ھەولێر و جاری دواتر لە بەغدا، كۆبوونەوەی ئەمجارەمان لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنی ھەماھەنگی لە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان و وەزارەتی بەرگری عێراقە، گفتوگۆ لەسەر ھەماھەنگییەكان دەكەین، لەو ناوچانەی كە داعش كردەوەی تیرۆرستی تێدا ئەنجامدەدات".

گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا سێ بابەتی سەرەكی گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت، كە بریتین لە دامەزراندنی ناوەندی ھەماھەنگی لەنێوان ئەفسەرانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق كە شەش ناوەندە، لەوانیش دوو ناوەندی سەرەكی ھەن یەكێك لە بەغدا و یەكێكیش لە ھەولێر، چوار ناوەندی دیكەش لە كەركووك و دیالە و مەخموور و مووسڵ دەبن، جگە لەوە گفتوگۆ لەبارەی ھێڵی بەرگری دەكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، لە دیالەوە تا دەگاتەوە سنووری مووسڵ، بابەتێكی دیكە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشە، بەتایبەتی لەو شوێنانە كە زانیاری ھەیە داعش بنكە و بارەگای داناوەتەوە و جموجۆڵیان ھەیە".

جەبار یاوەر، راشیگەیاند: "پێشتر لەسەر ئەم میكانیزمە گفتوگۆمان كردووە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەمانەوێ بڕیار لەسەر جێبەجێكردنی ئەو خاڵانە بدەین، ئەگەر رێككەوتین لەسەر میكانیزمەكە دەست دەكەین بە ھەنگاوی كردەیی".

ھ.م

وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق سێ بابەت تاوتوێ دەكەن
وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق سێ بابەت تاوتوێ دەكەن
وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق سێ بابەت تاوتوێ دەكەن
وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق سێ بابەت تاوتوێ دەكەن