لە سلێمانی بە 10 خولەک پشکنینی بەرگری لەش بۆ چاکبووانی کۆرۆنا دەکرێت

لەڕێگەی ئامێرێکی تازە کە بە سیستەمی نانۆ تەکنیک کاردەکات


K24 - سلێمانی

له ‌سلێمانى ئێستا ئامێرێكى نوێى پشكنين به‌رده‌سته‌، کە تایبەتە بە پشکنینی بەرگری لەش دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئەم پشکنینە بۆ ئەوکەسانە ئەنجامدەدرێت کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، چاکبوونەتەوە و دەیانەوێت پلازما ببەخشن.

پشکنینەکە هەروەها بۆ ئەو کەسانە دەکرێت، کە زیاتر لە چوار تاوەکو حەوت رۆژە نیشانەی ڤایرۆسەکەیان هەیە. ئەنجامی ئەم پشکنینە بە تەنها 10 خولەک دەردەکەوێت، بەڵام جێگەی PCR ناگرێته‌وه‌.

گه‌شبين فارووق، کارمەندی شيكارى نه‌خۆشییه‌كان لەمبارەیەوە دەڵێ: "پشکنینەکە بۆ ئەوکەسانەیە تووشی کۆرۆنا بوون و چاکبوونەتەوە و ماوەی دوو هەفتە بەسەر نەمانی نیشانەکانیان تێپەڕیوە، بۆ ئەوانە وردترە... ئەوانەی لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و بەرگرییان پەیدا کردووە سەرووی یەک دەردەچێت".

ئه‌م پشكنينه‌ ده‌توانێت رێژه‌ى به‌رگرى له‌شى كه‌سه‌كه و ئه‌و دژه‌ته‌نانه‌ى له‌ش دروستى كردوون‌ به‌تايبه‌ت دواى تێپه‌ڕاندنى ڤايرۆسه‌كه، دیاریبکات، ئه‌گه‌ر رێژه‌كه‌ له ‌ستاندارد كه‌متربێت، باشتر وايه‌ پلازما نه‌به‌خشێته‌ كه‌سانى تووشبوو.

سه‌رخێڵ ئاراس، به‌ڕێوه‌به‌رى كلينيكى عه‌لى ناجى، کە ئامێرەکە لەو کلینیکە بەردەستە، دەڵێ "ئەمە ئامێرێکی تایبەتە بە کۆڤید19، ئامێرەکانی دیکەی لێرە هەن ئامێری کیمیایین و پشکنینی کۆرۆناشیان پێدەکرێت، بەڵام ئەمە تایبەتە بە کۆرۆنا و سیستەمێکی تازەیە و نانۆ تەکنیکە، کە ئەم سیستەمەش تازەترین سیستەمی ئەلیکترۆنی دیجیتاڵییە و تازەترین سیستەمی تاقیگەییە".

 

هـ.ر.