ئه‌نبار به‌دوای نه‌وتدا ده‌گه‌ڕێت

خاوه‌نی نزیكه‌ی هه‌زار ملیار مه‌تر سێجایه‌ له‌ غاز و نه‌وت

K24 – هه‌ولێر:

راوێژكاری پارێزگاری ئه‌نبار، بۆ كاروباری وزه‌، "عه‌زیز خه‌له‌ف" له‌ باره‌ی سامانی سرووشتی و بوونی نه‌وت له‌ سنووری ئه‌و پارێزگا سوننه‌ نشینه‌ی عێراقدا، به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا، "عه‌زیز خه‌ڵه‌ف" رایگه‌یاندووه‌، "به‌ گوێره‌ی دوایین زانیاری به‌رده‌ست، كه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سانی تایبه‌تمه‌ند و پسپۆڕی بواری سامانه‌ سرووشتییه‌كانه‌وه‌ خه‌مڵێندراوه‌، پارێزگای ئه‌نبار خاوه‌نی نزیكه‌ی هه‌زار ملیار مه‌تر  سێجایه‌ له‌ غاز و نه‌وت".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا داوایكردووه‌، كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان وه‌به‌رهێنان له‌و كێڵگانه‌ی سنووری ئه‌نبار بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت پارێزگاكه‌ رۆڵی خۆی بگێڕێت و به‌شدار بێت له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی داهات و یه‌ده‌گی سامانی سرووشتی عێراق.

گوتیشی: كۆمپانیای به‌دواداگه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت ده‌توانێت له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا ده‌ست به‌ گه‌ڕان به‌دوای نه‌وت و غازدا بكات، ئه‌گه‌ر وه‌ك پێویست پارێزگاری ئه‌منیی لێبكرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، حكومه‌ت هه‌وڵێكی گه‌وره‌ی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ به‌دواداگه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی سرووشتی له‌ سنووری پارێزگاكه‌. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره‌ له‌و رووه‌وه‌ كار بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری ئه‌نبار ده‌كرێت.