توركیا و یۆنان دانووستانیان رهتكردهوه و واشنتنیش نیگهرانی دهربڕی

K24 – ھەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەداخەوەیە بۆ بڕیاری توركیا سەبارەت بەدەستبەكاربوونەوەی لە گەڕان بەدوای نەوتدا لە نزیك یۆنان، جەختیشیكردەوە، چالاكی سەربازی و كاری ترساندن و ھەڕەشە گرژی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوهڕاست كەم ناكاتەوە.
واشنتن ھانی توركیای دا بۆ كۆتاییھێنان بە ھەراسانكارییەكانی و دەستكردن بە دانووستان لەگەڵ یۆنان.
دەریاوانی توركیا رۆژی یەكەشممە لە نامەیەكدا بۆ سیستەمی ئاگاداركردنەوەی دەریایی "نافتیكس" گوتبووی: كەشتی "عروج رەئیس" لە رۆژی دووشەممەوە تاكو 22ی ئۆكتۆبەر دەست بە چالاكی دەكات لە ناوچەكەدا و لەوانەش لە باشووری دوورگەی "كاستیلۆریزو"ی یۆنانی.
لە لایەن خۆیەوە وەزیری دهرهوهی یۆنان سێشەممە، جەختیكردەوە، وڵاتەكەی ھیچ دانووستانێك لەگەڵ توركیا ناكات سەبارەت بە كەمكردنەوەی گرژی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەگەر ئەنقەرە كەشتییەكەی بۆ رووپێوی بۆمەلەرزەیی لە ناوچەی ململانێیەكە نەكشێنێتەوە.
توركیا و یۆنان، كە ھەردووكیان ئەندامن لە ھاوپەیمانی ئەتڵەسی، لە ئابی رابردووە كەوتوونەتە ململانێ لەسەر گەڕان و پشكنین بەدوای نەوت و غاز لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا. ھەردوو وڵاتیش مانۆڕی ئاسمانی و دەریایی ھاوتەریبیان لە ئاوی ستراتیجی نێوان قوبرس و دورگەی كریتی یۆنانییان ئەنجامدا.
وەزیری دەرەوەی یۆنان، جۆرج گیرابیتریتیس بە رادیۆیەكی ناوخۆیی یۆنانی راگەیاند، " یۆنان لەسەر مێزی دانوستان دانانیشێ لە كاتێكدا "عروج رەئیس" و كەشتییە شەڕەكەرەكانی یاوەری لە ناو ئاو بن".
جەختیشیكردەوە، ئەسینا ململانێیەكە "بێگومان" بۆ ئەنجوومەنی ئەوروپایی بەرز دەكاتەوە، كە بڕیارە پێنجشەممە ببەسترێت.
ھەروەھا حكومەتی یۆنانی دۆسییەكە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ھایكۆ ماس باس دەكات و بڕیارە ماس ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی ئەسینا بكات.
یۆنان داوای مافە دەریاییەكانی خۆی دەكات لە ئاوی دەوروبەری دوورگەی كاستیلۆریزۆ، بەڵام توركیا دەڵێت، نزیكی دورگەكه لە كەناراوی وڵاتەكەی وادەكات ناوچەكە رووبەرێكی رەوا و شەرعی خۆی بێت و مافی خۆیەتی كنە و پشكنینی تێدا ئەنجامبدات.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ھایكۆ ماس داوای لە توركیا كرد سنوورێك بۆ ھەراسانكارییەكانی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست دابنێ. گوتیشی: ئەگەر بەڕاستی كاری گەڕان و پشكنینی نوێ بەدوای غاز و نەوتدا ئەنجامبدرێت لەو ناوچە دەریاییەی ململانێی لە سەر لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەوە شكستێكی گەورە دەبێت بۆ ھەوڵەكانی كەمكردنەوەو گرژییەكان.
سەرچاوە: رۆیتەرز