فەرەنسا و رووسیا لە بارەی ناردنی بەكرێگیراوان بۆ قەرباغ رەخنە لە توركیا دەگرن

"توركیا نە ئاسایشی خەلكانی دیكە و نە ئاسایشی یەكێتی ئەوروپا و بەرژەوەندییەكانی لە بەرچاو ناگرێت".

K24 – ھەولێر:

سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی فەرنسا جەختیكردەوە" ناردنی بەكرێگیراوانی سووریایی بۆ قەرەباغ لە لایەن توركیاوە كارێكی بێبەری و بێلایەن نییە".

سەرچاوەكە گوتی: "توركیا نە ئاسایشی خەلكانی دیكە و نە ئاسایشی یەكێتی ئەوروپا و بەرژەوەندییەكانی لە بەرچاو ناگرێت".

ئاشكراشیكرد، "سەرۆكی فەرەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن لەگەڵ ھاوتا رووسییەكەی، ڤلادیمێر پوتن و كۆشكی سپی سەبارەت بە پێشھاتەكانی قەرەباغ له‌ په‌یوه‌ندی بەردەوامدایە".

ھەر ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی بەرگری رووسیا نیگەرانی خۆی راگەیاندبوو لە گواستنەوەی "چەكدارانی كۆمەڵە تیرۆریستیەكان" لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ھەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغی ململانێ لەسەر لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان.

وەزیری دەرەوەی رووسیا لە بارەی ناردنی بەكرێگیراوان بۆ قەرەباغ، نیگەرانی مۆسكۆی بە ھاوتا توركه‌كەی راگەیاند.

رووانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەمڕۆ سێشەممە جەختیكردەوە، چەكدارانی گرووپە سوورییەكانی سەر بە توركیا لەو كاتەوەی ئەنقەرە خستوونیەتە نێو شەڕەكانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ناگۆرنۆ قەرەباغ، بەلای كەمەوە 119 كەس لەو چەكدارانە كوژراون.

رووانگەی سووریا جەختیشیكردەوە، توركیا ئامادەكاری دەكات، بۆ ئه‌وه‌ی لە ماوه‌ی چەند رۆژی داھاتوودا زیاتر لە 400 چەكداری سووری سەر بە ئەنقەرە بۆ به‌شداریكردن له‌ شه‌ڕ، ره‌وانه‌ی ئازەربایجان بكات.

ئاماژەشیكرد، ژمارەی ئەو چەكدارە سوورییانەی گواستراوەنەتەوە بۆ ئازەربایجان، گەیشتە زیاتر لە 1450 كەس، دوای ئەوەی ھەفتەی رابردوو 250 چەكداری دیكەی گواستەوە.

رووانگەی ناوبراو روونیشیكردەوە، تەرمی ھەندێك لە بەكرێگیراوە سوورییەكان لە ناگۆرنۆ قەرەباغەوە بە یاوەری ژمارەیەك چەكداری گەڕاوە لە ئازەربایجان ھێنراونەتەوە ناو خاكی سووریا. گوتیشی تەرمی 78 چەكداری كوژراو گەڕێندراونەتەوە و تەرمی ئەوانەی دیكەش ھەر لە ئازەربایجان ماونەتەوە.

رووانگەكه‌ له‌سه‌ر زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك جەختیكرده‌وه‌،"ھەوڵەكانی توركیا بەردەوامن بۆ ناردنی چەكداران بۆئازەربایجان و، ھەواڵگری توركیا ھەوڵدەدات كار لەسەر یاری پارە بكات" و گوێڕایەڵی ھەندێك لە گروپەكان بۆ توركیا بقۆزێتەوە.

گوتیشی: ھەوڵەكانی توركیا بۆ راكێشانی چەكداران و ناردنیان بۆ ئازەربایجان زۆر بە قورسی وەڵام دەدرێنەوە، بەپێچەوانەی ھەوڵەكانی پێشووی بۆ لیبیا".

سەرچاوەكانی رووانگەی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایانگەیاندووە، حكومەتی توركیا بەكرێگیراوەكانی گروپە سوورییەكانی خستنە ناو شەڕی ناگۆرنۆ قەرەباغ لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دوای ئەوەی پێیانیگوت، رۆڵیان لە ئازرەبایجان تەنھا پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان و سنوور دەبێت.