مەسەدە: چارەسەری كێشەی سووریا لە دیمەشقە

مەسەدە ئامادەیە بە مەرج دانوستان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بكات

K24 – ھەولێر:

ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات (مەسەدە) ئامادەیە دانوستان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن و حكومەتی سووریا بكات.

حیكمەت حەبیب، ئەندامی دەستەی سیاسی مەسەدە بە كوردستان24ـی راگەیاند، پێشتریش ئامانجی ئێمە دانوستانی سووری- سووری بوو، جا چ رژێمی سووریا بێت یان ھێزەكانی ناو ھاوپەیمانی نیشتیمانی ئۆپزسیۆن بن، ئێمە بۆ دانووستاندن لەگەڵ ھەموو سوورییەكان ئامادەین بۆ دۆزینه‌وه‌ی چارەیەك بۆ قەیرانی سووریا.

ھەروەھا گوتی: ئەگەر ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن لە ئەجێندای توركیا دوور بكەونەوە، كە بەشێكی لە خاكی سووریا داگیر كردووە و تێڕوانینی خۆیان پێشكەش بكەن، ئێمە ئامادەین لەگەڵ ئەوانیش دانوستان بكەین.

گوتیشی: ئێمە ئامادەین لەگەڵ دیمەشقیش دانوستان بكەین و دووپاتیكرده‌وه‌، چارەسەری كێشەی سووریا لە دیمەشقە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە ئەو واتایە ناگەیەنێت، كەوا مەسەدە دەستبەرداری پرۆژەكانی ببێت. بەڵام دانوستانی سووری - سووری باشترین چارەسەرە بۆ قەیرانی سووریا، بە تایبەتی دانوستانەكانی جنێف، ئاستانە و سووچی شكەستیان ھێناوە.