لە ئیستانبوڵ رێگا لە نمایشکردنی شانۆگەرییەکی کوردی دەگیرێت

بە زمانی کوردی بووە و مۆڵەتیشی هەبووە

K24- هەولێر:

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بەرپرسانی تورکیا رێگریان لە شانۆگەرییەک کە بە زمانی کوردی نمایشدەکرا لە ئیستانبوڵ کردووە.

ئەو شانۆگەرییە بە ناوی “ترەمپێت ئاند رازبێری” شانۆگەرییەکی ئیتاڵییە لە لایەن داریۆ فۆ نووسراوە، بڕیاربوو لە ئیستانبوڵ بە زمانی کوردی نمایش بکرێت، بەڵام بەرپرسانی شارەکە رێگەیان نەدا سەرەڕای ئەوەی شانۆگەرییەکە لە خشتەی ئەو شانۆیانە بوو کە دەبوو دوێنێ سێشەممە نمایش بکرێت.

بەرپرسە تورکەکان بیانوی ئەوەیان هەبووە، شانۆگەرییەکە دەبووە هۆی بڵاوکردنەوەی پروپاگندە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان.

رۆگیس کیرچی، یەکێک لە ئەکتەرەکان دەڵێت، ئێمە ئامادە بووین و نزیک بوو دەست بە شانۆکە بکەین، بەڵام نووسراوێکیان پێداین کە ئەو کارە قەدەغەیە.

فرانس پرێس ئاشکرایکردووە، ئەو خاتوونە ئێستا لە لایەن پۆلیسەوە لە ژیر چاودێریدایە.

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، بە هاشتاگی “ناکرێت شانۆگەری کوردی بوەستێنرێت” بەشێک لە خەڵکی ناڕەزاییان دەربڕیووە، بەڵام عەلی یەرلیکایا، پارێزگاری ئیستانبوڵ دەڵێت، لەبەر ئەوە قەدەغەنەکراوە بە زمانی کوردی بووە، بەڵکو دروشمی پەکەکەی لەناو بووە.

دەشڵێت، لێکۆڵینەوە لەو کەسانەش دەکەین، رەزامەندییان دەربڕیووە بۆ نمایشکردنی شانۆگەرییەکە.