مێردمنداڵێكی عه‌فرینی له‌سه‌ر سنووری نێوان توركیا و سووریا كوژرا

ویستوویەتی ئاودیوی سنووری تورکیا بێت

K24 - هەولێر

مێردمنداڵێكی تەمەن 16 ساڵەی عەفرینی له‌سه‌ر سنووری نێوان باکوور و رۆژئاوای کوردستان، كوژرا.

مێردمنداڵه‌كه‌ ناوی حەسەن جومعە حەمەد، تەمەن 16 ساڵ و خەڵکی ناحیەی جندرێسی سەر بە عەفرینه‌ لەکاتێکدا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی ویستوویانه‌ سنوور ببڕن و باكووری سووریاوه‌ بچنه‌ ناو خاكی توركیا، له‌لایه‌ن پاسه‌وانانی سنووری توركیا ته‌قه‌یان لێكراوه‌، له‌ ئاكامیشدا ئه‌و مێردمنداڵه‌ كوژراوه‌.

میدیای ھەسەدە بڵاوی كردووەتەوە، مێرمنداڵەکە لەئەنجامی بەرکەوتنی گوللـەی پاسه‌وانانی سنووری تورکیا کوژراوە، بەڵام هیچ زانیارییه‌كی دیکەی نەداوە لەبارەی ئەوەی؛ ئایا کەسی دیکە لە رووداوی تەقەکردنەکەدا بریندار بووە یان نا.

ئەمانە لەکاتێکدان، تورکیا بە یارمەتی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە کانوونی دووەمی 2018 ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەناوی "چڵە زەیتوون" بۆ دەستبەسەرداگرتنی عەفرین ئەنجامدا و لە مانگی ئازاری 2018 سوپای تورکیا سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی ناوچەی عەفرین و دەوروبەری راگەیاند.

هـ.ر.